Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەورەبیرمەندی میسڕی: دەوڵەتی سەربەخۆی کوردان، دەوای دەردی هەموو دراوسێکان و گشت ڕۆهەڵاتی ناوینە

 

هەولێر-KDP.info-  نووسەر و بیرمەندی گەورەی میسڕی(سەعدەددین ئیبراهیم)، دواوتاری خۆی بۆ پشتیوانیی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان تەرخان کردووە و ڕایدەگەیێنێ، وەکوو فەلەستینییەکان، کوردیش مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتی خۆی هەبێ.

ئەو نووسەر و بیرمەندی گەورەی میسڕ، سەرەتای وتارەکەی بەوە دەست پێ دەکات کە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورە، ئارام نابێ و ئۆقرە ناگرێ، هەتا ڕۆڵەکانی هەر پێکهاتەیەک و هەر گەلێک و هەر نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی، قەوارەی سیاسیی تایبەتی خۆیان نەبێ.

(سەعدەددین ئیبراهیم)، ئاماژە بە پاراستنی زمان و فەرهەنگەکەیان، لە مێژووی ١٤٠٠ساڵی رابردوودا، بەرژەوەندیی زلهێزان و هاوپەیمانە براوەکانی جەنگ دەداتە بەر ڕەخنە و دەڵێ، وەکچۆن بەرژەوەندیی ئەو براوانەی جەنگ، لەگەڵ بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوجەکە پێک‌ناکۆک بووە، بە هەمان شێوەش مافەکانی گەلی کوردستانیان نادیتە گرتووە و، بەڵام، بۆ ڕازیکردنی کورد، لە پاش یەکەم جەنگی جیهانەوە، داوایان لە حوکمڕانانی ناوچەکە تەنیا ئەوە بووە کە، مافە کولتوورییەکانی کورد لە چوارچێوەی حوکمی زاتیدا لەبەرچاو بگرن. کەچی حکوومەتەکانی کوردیان بەسەردا دابەش کراوە، ئەوەیان لەبەرچاو نەگرت و مافە نەتەوەییەکانی کوردیان پێشێل کردووە و، پاش راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ـیش کاتێک کیانێکی کوردی وەبەرهات، (ئێران، تورکیا، سووریا و عێراق) هەموو هەوڵێکیان دا تا ئەم سەرهەڵدان و خۆبەڕێوەبەرییە سەرکوت بکەن.

ئەو نووسەر و بیرمەندی گەورەی میسڕ لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا دەڵێ، لە ناوجەی ڕعژهەڵاتی ناوینی گەورەدا، کە لەوەتەی شۆڕشەکانی بەهاری عەرەبییەوە(٢٠١٠-٢٠١٧) لە کەفوکوڵدایە، بۆی گونجاوە و تەنانەت وا دەخوازێ کە کورد دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ.

(سەعدەددین ئیبراهیم) جەخت دەکاتەوە، هەر کەسێک ئەم پرسە، واتا ئارامی و ئۆقرەییی ڕۆژهەڵاتی ناوینی گەورەی بەلاوە گرینگە، دەبێ پشتیوانی ئەو مافە رەوایەی کوردان بکات لە لەمێژە دواخراوە و "خوا دەزانێ دەولەتی سەربەخۆی کوردان، دەوای دەردی هەموو دراوسێکان و گشت ڕۆهەڵاتی ناوینە.