Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى: پارتی، وەک هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە پرۆسەی سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەییدا دەبینێ

 

هەولێر-KDP.info-  له‌ په‌یامێكیدا، (نێچیرڤان بارزانى) جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، یادى 16ـى ئابى دامه‌زراندنى پارتى پیرۆز ده‌كات و، بە شانازی بۆ پارتی دەزانێ کە لەم  ساتەوەختە مێژووییەدا، وەک هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە پرۆسەی سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەییدا دەبینێ. هاوکات بەشداریی کاریگەرانەی کادیران و ئەندامانی پارتی لەم پرۆسەیەدا، بە بەڵگەی ئەمەک و دڵسۆزییان بۆ ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی ناو دەبات.

ده‌قه‌ی پەیامی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:

لە ١٦ی ئابی پیرۆزدا و بەبۆنەی  حەفتا و یەکەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم کادیر و ئەندام و لایەنگر و دۆستانی پارتیمان دەکەین. پیرۆزباییی تایبەت لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دەکەین، پیرۆزباییمان بۆ سەرجەم چین و توێژ و پێکهاتە کوردستانییەکان.

لەم یادە پیرۆزەدا لەگەڵ دانه‌واندنى سەری ڕێز و نەوازشمان بۆ گیانی پاکی شەهدان، بەڵێنی بەردەوامی و سووربوون لەسەر ڕێبازە پیرۆزەکەیان دووپات دەکەینەوە تا هێنانەدی ئاواتەکانیان و خەونی دێرینەی گەلەکەمان لە کوردستانێکی سەربەخۆی ئاشتیخواز و گەشەسەندوودا لە سایەی پێکەوەژیان و دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنی بەردەوامدا بۆ سەرجەم پێکهاتە جیاجیاکانی کوردستان.

مایەی شانازییە بۆ پارتیمان کە لەم  ساتەوەختە مێژووییەدا، وەک هەمیشە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆی لە پرۆسەی سەربەخۆیی و سەروەریی نەتەوەییدا دەبینێ. بەشداریی کاریگەرانەی کادیران و ئەندامانی پارتیمان لەم پرۆسەیەدا بەڵگەی ئەمەک و دڵسۆزییانە بۆ ڕێبازی پیرۆزی پارتی و بارزانی.

هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن و کوردستانیشمان هەمیشە ئارام و ئاوەدان.

نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان

                           ١٦/٨/ ٢٠١٧