Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی نامەیەکی پیرۆزبایی لە سەرۆککۆماری عێراقەوە پێگەیشت

 

هەولێر-KDP.info-  بە بۆنەی ٧١ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، دکتۆر فواد مەعسووم سەرۆککۆماری عێراق نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی (سەرۆک بارزانی) کردووە.

لە نامەکەدا وێڕای پیرۆزبایی لە (سەرۆک بارزانی) و مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و تەواوی ئەندام و لایەنگران و جەماوەری پارتی، ئاماژە بە ڕۆڵ و پێگەی دیار و کاریگەری پارتی دیموکراتی کوردستان کراوە لە سەرجەم گۆڕانکاری و هاوکێشە سیاسییەکاندا.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەی سەرۆککۆماری عێراقدا هاتووە:
"پارتی دیموکراتی کوردستان وەکچۆن بە درێژایی مێژووی خەباتی نزیکەی سێ چارەگە سەدەکەیدا ڕۆڵی کاریگەر و ئیجابی بینیوە لە گۆڕانکاری و هاوکێشە سیاسییەکاندا، ئەمڕۆیش بەپێی پێگە مێژوویی و تێکۆشانەکەی و وەک ئەو هێزە نیشتیمانی و نەتەوەییەی کە ناسراوە، لەم هەلومەرجە ناسکەشدا بە ڕابەرایەتی و سەرکردایەتیی حەکیمانەی ئێوە، دەتوانێت بە هاریکاری و هەماهەنگیی لەگەڵ هێزەکانی تری مەیدانی خەبات، هەمان ڕۆڵی بەرچاو و دیاری خۆی ببینێت لەپێناو هێنانەئارا و چەسپاندنی کۆدەنگی و یەکڕیزیی نیشتیمانی لە ئاست مەسەلە گرینگ و جێبایەخە چارەنووسسازە هەنووییەکاندا".