Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەکەکە، هێزێکی نوێی بۆ رفاندنی گەنجان دامەزراندووە


دهۆک-KDP.info-  چالاکوانێکی سیاسی لە رۆژئاوای کوردستان ئاشکرای دەکات، لە رۆژئاوای کوردستان، پەکەکە هێزێکی نوێی بۆ رفاندنی گەنجەکان دامەزراندووە و، چەندین کوردیشی رادەستی رژێمی سوریا کردوون.

(حەسەن خەیری) چالاکوانی سیاسیی رۆژئاوای کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمەڕ درووستکردنی ئەو هێزە، راگەیاند: ''ناوی هێزەکە نوێکەی پەکەکە(HAT) ـە، هێزێکی تایبەتە بۆ رفاندنی ئەو کەسانەی کە بیری جیاوازیان لەگەڵ پەکەکە هەیە"، ناوبراو دەڵێت: "دوێنی شەو ١٤-٨-٢٠١٧ گەنجێکیان رفاندووە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە جیاواز لە پەکەکە بیر دەکاتەوە".

گوتیشی: ''ئەو هێزە ئەندامێکی لیژنەی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریای (گرکێلەکێ)ـی رفاندووە و تا ئێستایش چارەنووسی دیار نییە".

ئێستا ژمارەیەکی زۆر ئەندام و لایەنگری پارتی جیاواز لە پەیەدەی سەر بە پەکەکە لە رۆژئاوادا بوونیان هەیە و، لە ترسی پەکەکە جموجۆڵیان کەمە، لەو بارەوە ناوبراو رادەستکردنی ئەندامانی ئەو پارتە کوردییانەی رۆژئاوا لە لایەن پەکەکەوە بۆ رژێمی سووریا ئاشکرا دەکات، "ئەندام و سەرکردەکانی ئەنجوومەنی نشتیمانیی کورد لە سووریا، لە زینداندان، تا ئێستا چەندین کەسیشیان لە لایەن پەکەکەوە رادەستی رژێم کراونەتەوە"، چەندین بارەگای ئەنجومەنەکەشیان سوتاندوون و زیاتر لە ٤٠ بارەگایش داخراون".

کاروان باعەدری