Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلیاوەیی: سەرۆککۆمار زانیاری زیاتری لەبارەی پێشێلکاریەکانه‌وه‌ هەیە.. ئەمڕۆ شاندی ھەرێم لەگەڵی کۆدەبنەوە

 
به‌غدا-KDP.info- ڕاوێژکارێکی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو شاندی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، بڕیارە ئەمڕۆش لەبارەی ئەنجامی ئەوسەردانە و پێدانی بەرچاوڕوونی زیاتر لەبارەی پێشێلکاریەکانی عێراق بەرامبەر ھەرێم لەگەڵ سەرۆککۆمار کۆببنەوە.
 
شەوی ڕابردوو شاندێکی حەوت کەسی ھەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەی ڕیفراندۆم گەیشتنە بەغدا و ھەر شەوی ڕابردووش ئەوشاندە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، بەگوتەی ئەندامانی شاندەکەش کۆبوونەوەکە ئیجابی بووە و گفتوگۆیەکی ھێمنانە لەبارەی ئەوپرسە بەڕێوەچووە.
 
ڕاوژکاری سەرۆککۆماری عێراق (د. عەبدوڵڵا عەلیاوەیی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو شاندی ھەرێم لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوونەوە، بڕیارە ئەمڕۆ كاتژمێر١٢:٠٠ی نیوەڕۆ سەردانی سەرۆککۆمار بکەن و لەگەڵیدا کۆببنەوە.
 
(عەلیاوەیی) گوتیشی، "جگەلەوەش سەرۆککۆماری عێراق لەبەغدایە و زانیاری زیاتری لەبارەی پێشێلکاریەکانی عێراق ھەیە بەرامبەر بەھەرێمی کوردستان، بۆیە بەرچاوڕوونی زیاتریان لەوبارەیەوە پێدەدات.
 
شانده‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌  نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، (رۆژ نوری شاوەیس)، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، (سەعدی ئەحمەد پیرە)، نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، (محەممەد ئەحمەد)، نوێنەری مەسیحییەکان، (رۆمیۆ ھەکاری)، نوێنەری تورکمانەکان، (ماجد بازرگان) و، نوێنەری کوردانی ئێزدی، (ڤیان دەخیل) پێكهاتووه‌.
 
بڵند ئیبراھیم