Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حزبە کوردستانییەکان: دەرفەتی ڕیفراندۆم لەدەست نادەین

هەولێر-KDP.info-  حزبە کوردستانییەکان گەیشتوونەتە ئەو باوەڕی کە ئیدی دەرفەتی ڕیفراندۆم لەدەست نادەن و باوەڕی تەواویان هەیە، کە لەو ڕێیەوە کورد دەتوانێت چارەنووسی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا دیاری بکات.

لە كۆبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستاندا ڕۆژی 7ی حوزه‌یرانی 2017 بڕیار درا، 25ی ئه‌یلوولی 2017، وه‌ك ڕۆژی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم دیاری بكرێت و به‌ ڕۆژێكی پڕشنگدار له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا وه‌سف دەکرێت. ئەمڕۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەو داوایەی لایەنە سیاسییەکانی بۆ کاتی ڕیفراندۆم پەسەند کرد، کە بڕیارە لە کاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت و ئەمەش پاڵپشتێکی بەهێزە بۆ پرسی ڕیفراندۆم.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، (سه‌رۆك بارزانی) ڕایگەیاندبوو، ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیییه‌ و ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن كات بۆ ڕیفراندۆم گونجاو نییه‌، ده‌بێ پێمان بڵێن، ئه‌دی كه‌ی گونجاوه‌؟ یان به‌دیلی ڕیفراندۆم چییه‌؟ (نەجات حەسەن)، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''بڕیاری ڕیفراندۆم پاشگەزبووزنەوەی نییە و لە کات و ساتی خۆیدا دەکرێت، بەغداش لەبەر ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا نەیزانی چۆن مامەڵە بکات، دەبێ باجی ئەوەش بدات و پاداشتی وەربگرێتەوە. ئێستا گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە بۆ پرسی ڕیفراندۆم و هیچ پرسێک بەقەت ئەم پرسە گرینگ و هەستیار نییە، چونکە ئەمە پرسی بوودجە و مووچە و پۆست نییە لە بەغدا، ئەمە چارەنووسی گەلێکە.''

(نەجات حەسەن) گوتی: ''خۆ دەستوور دەڵێت، ئەگەر عێراق پابەند نەبوو بە جێبەجێکردنی ماددەکانی نێو دەستوور، ئەوا عێراقی یەکگرتوو نامێنێت، ھیچ دەسەڵاتدارێکی بەغدا ئامادە نەبووە، دەستوور جێبەجێ بکات، کوا دەستوور جێبەجێ کراوە، تەنیا لە بەرامبەر ھەرێمی کوردستاندا، پرسەکانی وەرگرتنی گەنم و ناردنی دەرمان و بوودجە و میزانییەی پێشمەرگە و ماددەی ١٤٠ و دەیان ماددە و بڕگەی دیکە ھەن، کە ھیچیان جێبەجێ نەکراون، عێراقیش وەک پلە دوو سەیرمان دەکات، ئیتر بۆ بگەڕێینەوە بەغدا.''

(نەجات حەسەن) ئەوەشی خستەڕوو: ''ڕیفڕاندۆم، کە مافێکی زۆر سادە و سروشتیی خەڵکی کوردستانە، جێبەجێی بکەین و خۆمان دواڕۆژی خۆمان دیاری بکەین، ئەو جورە لێدوانانەی باس لە جێبەجێکردنی دەستوور دەکەنەوە، با ئەوکات ئەو قسەیان بۆ ئێمە بکردایە، کە نان و قووتی خەڵکی کوردستانیان دەبڕی.''


(سەعدی پیرە)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''پرسی ڕیفراندۆم پرسێکی گرینگە، لەگەڵ بەغداش باس دەکرێت و هەموو ڕەهەندەکانی دەخرێتە ڕوو. جگە لەوە، شاند بۆ دەرەوەی وڵاتیش دەنێردرێت. بۆ کوردستان گرینگە لەم قۆناغەدا هەنگاوێکی لەو شێوەیە بێتە پێشەوە، ڕیفراندۆم پەیوەیست نییە بە تاکەکەس و حزبێکەوە، هی هەموو خەڵکی کوردستانە، پێشم وا نییە، ھیچ وڵاتێک دژی ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆییی کوردستان ببێت.''

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، ئەوەشی خستە ڕوو: ''بێگومان وڵاتانی خاوەن سیادە، باسی ئەوە ناکەن، کە وڵاتان لەت بکەن، بۆیە ئەو بڕیارە لای ئێمەیە وەک گەلی کورد، کە دەمانەوێت سەربەخۆ بین.''

هاوکات (خەلیل ئیبراهیم)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەو شاندەی ئەمڕۆ چوونەتە بەغدا، لەوێ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەک دەکەن، ئەوەی هەمانە بەڕاشکاوانە بە بەغدای دەڵێن، چونکە بڕیار لەسەر پرسی ڕیفراندۆم دراوە و کۆمسیۆنیش تەبەنیی کردووە.''
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەشی خستە ڕوو: ''لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دژایەتیی ڕیفراندۆم نییە، تەنیا تێبینیان لەسەر کاتەکەی هەیە، نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر داوای دەوڵەتان دەست لە کاروبارەکان وەرنادات و بە هۆی ئەوەی هیچ دەوڵەتێکیش ڕێگا بە جیابوونەوەی بەشێکی وڵاتەکەی نادات، بۆیە ئەو ڕێکخراوەیە سەرپەرشتیی ڕیفراندۆمەکان ناکات، دەنا ئەگەر پرسەکە بووە ئەمری واقع شتێکی دیکە دەبێت.''

ئەو سەرکردەیەی یەکگرتوو ئاماژەی بەوەش کرد: ''لەم قۆناغەدا، کە پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستان هاتووەتە پێشەوە، دەبێ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکان پشتگیریی سەربەخۆییی کوردستان بکەن، چونکە ئەم قۆناغە دەرفەتێکە و نابێ لەدەستی بدەین.''

تێکڕای لایەنە سیاسییەکان ئەوانەی بەشداریان لە ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم کردووە دووپات لەوە دەکەنەوە کە دەرفەتی ریفراندۆم لەدەست نادەن و ئیدی گەلی کوردستان بڕیاری ئەوەیە کە لە ٢٥ی نۆدا چارەنووسی خۆی لە عێراق و ناوچەکەدا دیاری دەکات.

کارزان سەباح هەورامی