Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆشیار زێباری: ڕۆژی ڕاستییەکە نیزیک بووەتەوە؛ ریفراندۆم دواناخرێت

هەولێر-KDP.info- (هۆشیار زێباری) لە پانێڵی ئەمڕۆی زانکۆی سەلاحەدیندا رایگەیاند کە ڕۆژی ڕاستییەکە نیزیک بووەتەوە، باوەڕ ناکەم، ھیچ کەس و لایەنێک ھەبێت خۆی لەو ڕاستییە بدزێتەوە، کە میللەتەکەی بڕیار لەبارەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەوە بدات و دڵنیاییشی دا کە ریفراندۆم لە وادەی خۆیدا ئەنجامدەدرێ و دواناخرێت.

زانکۆی سەلاحەدین، ئەمڕۆ سێیەمین پانێلی خۆی لەژێر ناوی ڕیفڕاندۆم و چارەنووسی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە برد و ژمارەیەک کەسایەتیی ئەکادیمی و سیاسی و بەرپرس تێیدا بەشدار بوون، نوێنەری پارتی لە ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمدا، (هۆشیار زێباری) لە پانێڵەکەدا ڕایگەیاند، ھیچ گۆڕانکارییەک لەبارەی کاتی ڕیفڕاندۆمەوە ناکرێت و ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول ڕۆژی دەرکەوتنی ڕاستییەکانە بۆ ھەموو ھێز و کەسێک.

ئەمڕۆ لەگەڵ ئەوەی کە شاندی ڕیفراندۆم دەچنە بەغدا و لەوێ پەیامی کوردستان بە بەغدا ڕادەگەیەنن، کە ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت و هۆکارەکەیشی بە ڕوونی نیشانی بەغدا دەدەن، لە هەرێمی کوردستانیشدا هەر ئەمڕۆ  (ھۆشیار زێباری)، ئەندامی کۆمیتەی باڵای ڕیفڕاندۆم لە سێیەمین پانێلی زانکۆی سەلاحەدین دەربارەی پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی و سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا گوتی: ''ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی داھاتوو ڕیفڕاندۆم بەڕێوە دەچێت نە دوا دەخرێت و نە درەنگیشە بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، دانوستانەکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن، دوای سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستانیش ھەوڵەکان لەگەڵ بەغدا بەردەوام دەبن بۆ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم، ئێمە زۆر کێشەمان لەگەڵ بەغدا ھەیە، بەڵام بڕیاری کۆتایی ڕیفڕاندۆم تەنیا لەدەست خەڵکی ھەرێمی کوردستاندایە، داواکاریی وڵاتانی دیکەش بۆ ئەوەی ھەرێم و بەغدا بگەنە ئەنجامێک، لەوانەیە ئەوانیش ڕۆڵێکی بەھێز بگێڕن، لەو نێوەندەدا.''

لە چوارچێوەی سەردانی شاندی باڵای ڕیفڕاندۆم بۆ یەکێتیی ئەورووپا بەشێک لە وڵاتانی ئەورووپایی داوایان لە (سەرۆک بارزانی) کردووە، چاودێری خۆیان بۆ ڕیفڕاندۆم ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکەن، سەبارەت بە ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان و چاودێری بیانی بۆ بەڕێوەچوونی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان (ھۆشیار زێباری) دەڵێت: "بۆ ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوول داوای چاودێر لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی عەرەبی دەکەین، کار لەسەر ھێنانی چاودێری بیانی دەکەین، تا پاکی و شەفافییەتی پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان پێشانی جیھان بدرێت.''

(زێباری) گوتی: ''ڕۆژی ڕاستییەکە نیزیک بووەتەوە، باوەڕ ناکەم، ھیچ کەس و لایەنێک ھەبێت خۆی لەو ڕاستییە بدزێتەوە، کە میللەتەکەی بڕیار لەبارەی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیەوە بدات.''

(ھۆشیار زێباری) گوتیشی: ''ئێمە لەپێناو میللەتی خۆماندا نەرمی و تەنازولمان بەرامبەر گۆڕان کردووە، ئەوەش بۆ میللەتە نەک بۆ گۆڕان، پەرلەمانی کوردستان مڵکی گۆڕان نییە، کە قۆرغی بکات، بەر لە دروستبوونی گۆڕان ئێمە، پارتی و یەکێتی، پەرلەمانی کوردستانمان دامەزراندووە. پەرلەمان کارا دەبێتەوە و پێمان خۆشە سەرۆکی پەرلەمان ھەر لە گۆڕان بێت و بەرنامەکەشیان با لە ڕێی پەرلەمانەوە بێت، بەڵام ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت بڵێن تا من نەیەم نابێت، پەرلەمان کارا بکرێتەوە، پێمان خۆشە پێکەوە بین، بەڵام ڕێگەی تریش ھەیە، بزووتنەوەی گۆڕان لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە، وەڵامی داینەوە، ئێمە وەڵامەکەی گۆڕانمان بە ئەرێنی نەزانیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دانوستانی ڕاستەوخۆ ڕەت ناکەینەوە و ئامادەین.''

قائید میرۆ