Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

شاندی ھەرێم بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەون

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەڵێت، بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ شاندەکەیان بەرەو بەغدا بەرێ بکەوێت و سبەییش دەست بە گفتوگۆکانیان دەکەن و بەغداش ئامادەیی نیشان داوە بۆ پێشوازیکردنیان.

بە بڕیاری لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، شاندێکی ھەرێمی کوردستان بۆ سەردانی بەغدا پێک ھێندراوە، بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکات و ئەو شاندەش وەرەقەیەکی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئامادە کردووە، لەوانە باسی ٥٥ پێشێلکاریی دەستووریی حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان .

لەمبارەیەوە، (ماجد بازرگان) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەمڕۆ سەعات ٦:٠٠ی ئێوارە بەرەو بەغدا بەڕێ دەکەوین و بڕیارە سبەییش دەست بە دیدار و کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان بکەین و، بڕیارە لەگەڵ لایەنە حکوومی و سیاسییەکان و نوێنەری وڵاتان لە عێراق کۆبوونەوە ئەنجام بدەین. ڕەنگە سەردانەکە چەند ڕۆژێک بخایەنێت.''

بەرپرسانی بەغدا بەردەوام لێدوان دەدەن لەبارەی ئەوەی کاتی ئەوە نییە ھەرێمی کوردستان پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، لەوبارەیەوە (بازرگان) گوتی: ''ئێمە دەچین بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکەینەوە، ئێمە ئەو پرۆسەیە ئەنجام دەدەین و ئەگەریش ئەوان گفتوگۆیان کرد، ئێمە بۆ ھەر پرسیارێک وەڵامی خۆمان ئامادە کردووە و ئامادەکاریی زۆر باشیشمان بۆ ئەوسەردانە کردووە.''

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە حکوومەتی عێراق ئامادە نییە پێشوازی لەوشاندە بکات، ئەو ئەندامەی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا گوتی: ''ئێمە بەغدامان ئاگادار کردووەتەوە، کە سەردانیان دەکەین و ئەوانیش ڕەزامەندییان نیشان داوە بۆ پێشوازیکردنمان.''

ئەو شاندەی سەردانی بەغدا دەکات لە حەوت کەس پێک ‌دێت: نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان، (رۆژ نوری شاوەیس)؛ نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، (سەعدی ئەحمەد پیرە)؛ نوێنەری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، (محەممەد ئەحمەد)؛ نوێنەری مەسیحییەکان، (رۆمیۆ ھەکاری)؛ نوێنەری تورکمانەکان، (ماجد بازرگان) و، نوێنەری کوردانی ئێزدی، (ڤیان دەخیل).

بڵند ئیبراھیم