Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕەوەندی کوردی لە جیهاندا پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەن

دهۆک-KDP.info-  ڕەوەندی کوردی لە چەندین وڵاتی جیهانەوە پشتگیریی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم دەردەبڕن و دەڵێن، پشتگیریکردنی ڕیفراندۆم ئەرکێکی نەتەوەیییە و دەبێ پشتگیریی بکەن.

جێگری سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ كوردییه‌كانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەڵێت، لە دوای ئەوەی ڕاوێژکاری باڵای کۆنگرەی کۆمەڵە کوردییە نێودەوڵەتییەکان لە وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو لە وڵاتی قیرغیزستان پێک هێنرا، بڕیاریان دا پشتگیری بۆ ڕیفراندۆم بکەن .

(یۆرا نەبەیڤ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''دوای ئەوەی کورد لە عێراقێکی یەکگرتوودا نەما، پێویستە کوردەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان لە جیهاندا دەست بە چالاکی و بڵاوکردنەوەی پەیام بکەن، بۆ ئەوەی دەنگ بگەیەننە جیهان، کە کورد دەبێ لە باشووری کوردستان بە مافی خۆی بگات، چونکە حکوومەتی عێراق بە هەموو شێوەیەک بەندە یاساییەکانی پێشێل کرد و مافی کوردی خوارد.''

سه‌رۆكی فیدراسیۆنی كۆمه‌ڵه‌ كوردییه‌كانی وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو دەڵێت: ''ئێـمەش بانگەوازێکمان پێشکێشی وڵاتەکانی ئاسیای ناوین و کازاخستان کردووە، کە بە هەموو شێوەیەک هاوکاریمان بکەن و، بە شێوەیکی دیموکراسییانە چاو لە مافی کورد بکەن و ئەوانیش پێشتر ڕایانگەیاندووە، کە پشتگیریی ڕیفراندۆم و مافی چارەیخۆنووسینی کوردەکان دەکەن.''

(یۆرا نەبەیڤ) گوتیشی: ''ئێمە لەو بڕوایەداین، وڵاتانی ئاسیای ناوین و کازاخستان، نەک تەنیا بەقسە لەگەڵ هەرێمن، بەڵکو زۆر دۆستی کوردن و وڵاتانی سۆڤییەتی پێشوو بەکردار  پشتگیریی  ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی هەرێم دەکەن.''

هەرلەم بارەیەوە، (کایا ئیزۆل)، سەرۆکی فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی سوید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمەش لە فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکانی سوید بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ئەم پرۆسەیە دەکەین، چونکە بە چارەنووسی گەلەوە بەستراوە، چونکە جیهان پرۆسەی سەربەخۆییی کوردستان بە بابەتێکی گرینگ وەسف دەکات و دەبێ ئەم پرۆسەیە بەرەوپیش بڕوات، تاکو کورد دەوڵەتی نەتەوەییی خۆی دابمەزرێنیت و ئێمەش وەک تەواوی وڵاتانی دنیا سەربەخۆ بین.''

هاوکات (حەسۆ هورمی)، سەرۆکی دەزگای ئێزدییان لە هۆلەندا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵیت: ''٢٦ی ئەم مانگە، بە یارمەتیی کوردانی هەموو ئەوروپا لە ئەڵمانیا کۆنسێرتێكی مەزن بۆ پشتگیریی ڕیفراندۆم ئەنجام دەدەین، بۆ ئەوەی دەنگی خۆمان بگەیەین بە جیهان، کە گەلی کوردیش دەیەوێت، وەک هەموو گەلانی دنیا سەربەخۆ بێت، چونکە گەلی کورد زۆر تێکۆشاوە و خۆینی ڕژاوە، بۆ ئەوەی سەربەخۆ بێت و ئەمە ئەرکێکی نەتەوەیییە.''

سەبارەت بەم پرسە، (نەورۆز هالۆ)، بەرپرسی یەکیتیی ئافرەتانی کوردستان لە شاری میونخی ئەڵمانیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە لە هەرجێیەکی دنیا بین و بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین و بە هەموو گەلانی دنیا و پارتە سیاسییەکانی کوردستان دەڵێین، پێویستە یەک بگرن و یەکگوتار بن لەسەر ئەم پرسە، چونکە ئەمە پرسێکی نیشتمانییە و هەلێکی باشە بۆ ئەوەی کورد سەربەخۆ بن و دەوڵەتی کوردستانی ڕابگەیەنرێت.''


کاروان باعەدری