Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سادق جەباری: دووشەممەی دابێ شاندی ڕیفراندۆم دەچێتە بەغدا

هەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفرادۆم دەڵێت، دووشەممەی دابێ شاندی ڕیفراندۆم سەردانی بەغدا دەکات و پرسی ڕیفراندۆم و پێشێڵکارییەکانی بەغدا لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی بەغدا دەخرێتە بەرباسەوە.

کەمێک پێش ئێستا ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی)، سەردانی چاوەڕوانكراوی شاندە باڵاكەی هەرێم بۆ بەغدا بە مەبەستی دانوساندن لەمەڕ پرسە سیاسییەكان و ئایندەی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدایان تاوتوێ كردووە و هێڵە گشتییەكان و ناوەڕۆكی دانوساندنەكانیش دیاری كراون.

لەگەڵ ئەوەی لە ڕاگەیاندراوەکەدا وادەی سەردانی شاندەکە بۆ بەغدا دیاری نەکراوە، بەڵام بە گوێرەی لێدوای ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، ڕۆژی دووشەممە شاندەکە سەردانی بەغدا بکات.

(سادق جەباری)، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی ناوەڕۆکی کۆوبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆمەوە دەڵێت: ''دوای ئەوەی (سەرۆک بارزانی) و (کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) ڕاسپێردران بۆ دیاریکردنی شاندێک بۆ بەغدا، وادیارە شاندەکە پێک هێنراوە؛ (د. ڕۆژ نووری شاوێس)، وەک نوێنەری پارتی و (سەعدی پیرە)، وەک نوێنەری یەکێتی، (د. محەمەد ئەحمەد)، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، (ماجد بازرگان) نوێنەری تورکمانەکان و (ڤیان دەخیل) نوێنەری ئێزدییەکان و (ڕۆمیۆ هەکاری)، نوێنەری کریستیانەکان. هەر ئەمڕۆش بڕیار درا لەسەر دیاریکردنی نەخشەڕێگا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و، بڕیارە دووشەممە ئەو شاندە بچێتە بەغدا.''

(سادق جەباری) گوتی: ''ئەو شاندە، حزبە عێراقییەکان بە سوننە و شیعە و پێکهاتە جیاوازەکانەوە دەبینین و گفتوگۆیان لەگەڵ دەکەن. بڕیارە شاندەکە لەگەڵ لایەنی حکوومەتیش دیدار بکات، لە بەغداشەوە شاندێک بۆ ئەو دیدارە پێک دەهێنرێت.''

(سادق جەباری)، ئەوەی خستەڕوو: ''لەسەر پێشێلکارییەکانی بەغدا قسەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەوانیش ڕایان گەیاندووە، کە دیدار لەگەڵ شاندەکە ڕەت ناکەنەوە، ئەو شاندەش کە دەڕوات سەرەتا پێیان دەڵێت، کە ئێێمە بڕیاری ڕیفراندۆممان داوە، ئێوەش دەبێت ڕێگر نەبن لەو بڕیارە و دەمانەوێت سەربەخۆ بین، دەمانەوێت بە شێوەیەکی ئاشتی لەگەڵ ئێوە ژیان بەرینەسەر، ڕەنگە بەغدا پێمان بڵێت، بۆ ئەو بڕیارەتان داوە؟ ئێمەش چەند شتێک دەخەینە ڕوو، یەکەم چۆن بەغدا مووچەی کوردستانی بڕی، چۆن بەغدا پارە دەدات بە حەشد و نایدات بەپێشمەرگە؟ چۆن داوای شەراکەتتان دەکرد و کوردستانتان لە بەغدا دوور خستەوە؟ ماددەی ١٤٠ بریار بوو ٢٠٠٧ جێبەجێ بکرێت، جێبەجێتان نەکرد، بڕیار وابوو ناوچە جێناکۆکەکان بپارێزن، کەچی نەتانپاراست، بازرگانێک لە کوردستان تا دەچێتە بەغدا ٤ جار گومرگ دەکرێت، خەڵکی کوردستان وەک هاووڵاتیی عێراقی تەماشا ناکرێن و هەموو ئەم شتانەیان بە ڕاشکاوی پێ دەڵێن.''

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم گوتی: ''لەسەر پرسی ڕیفراندۆم قسەی خۆمان دەدەینە بەغدا، ئەوانیش ئازادن چۆن هەڵوێستیان دەبێت.''


کارزان سەباح هەوارمی