Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"بنەمای تەوافق لە بەغدا نەماوە و ڕیفراندۆم باشترین دەرفەتە"

هەولێر-KDP.info- چاودێران پێیان وایە سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا ھەنگاوێکی ئەرێنییە، تا بە شێوەیەکی ئاشتییانە لە عێراق جیا ببینەوە و شارەزایەکی یاساش دەڵێت، بنەمای تەوافق لە عێراقدا نەماوە و جگە لە سەربەخۆیی ڕێگەی دیکە بۆ کوردستان نەماوە.

کۆمیتەی باڵای ڕیفڕاندۆم ڕۆژی ٧ی ئاب، بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) کۆ بووەوە و تێیدا بڕیاری سەردانی شاندی ھەرێمی کوردستان بۆ بەغدا پەسەند کرا، ئامانجی سەردانی شاندی ھەرێم بۆ بەغدا دانوستانە دەربارەی بڕیاری ھەرێمی کوردستان بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی.

(شوان محەمەد تەھا)، بەرپرسی لقی پێنجی بەغدای پارتی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی شاندی کۆمیتەی ڕیفڕاندۆم بۆ بەغدا بە ھەنگاوێکی ئەرێنی دەزانم، ڕاستە پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، پرسێکە تایبەتە بە خەڵکی کوردستان، بەڵام  ھاتنی شاند بۆ بەغدا ئاماژەیەکی تەندروستە و بە قەوارە سیاسییەکانی بەغدا دەڵێین، ئێمە ڕیفڕاندۆم دەکەین بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە، مەرجیش نییە ھەموو لایەنەکانی بەغدا بەو داوایەی ھەرێمی کوردستان ڕازی بن، یان ڕەتی بکەنەوە، ھەبوونی دانوستان لە نێوان بەغدا و ھەرێم نییەتی کوردستان بۆ ئاشتی پیشان دەدات، لەوانەیە دەستکەوت لە بەغدا ئەستەم بێت، وەلێ من گەشبینم بەو شاندە و ھاتنی شاندەکە، خۆی لە خۆیدا ئەرێنیە.''

بڕیارە شاندی ھەرێمی کوردستان بە ڕاشکاوی پەیامی خەڵک و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان بگەیەنن بە دەستەڵاتدارانی عێراق، کە ھەرێمی کوردستان دەیەوێی لە ڕێگەی ڕیفڕاندۆمەوە بگات بە سەربەخۆیی و (سەرۆک بارزانی) لە چەندین دیدار و بۆنەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆم پاشگەزبوونەوەی تێدا نییە و گەلی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی داھاتوودا چارەنووسی خۆی دیاری دەکات.

(د. ناسح غەفوور)، شارەزای یاسا و دەستوور بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''چوونی شاندی باڵای ڕیفڕاندۆم بۆ بەغدا، دیارە پێشتر ھەڵسەنگاندنی بۆ کراوە، من خۆم پێم وایە بۆ بەرچاوڕوونیی جیھان گرینگە شاند بنێرینە بەغدا، تا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەوەمان پێ نەڵێت، کە ئێمە ئامادە نەبووین دانوستان لەگەڵ بەغدا بکەین، تەنیا پەیامی شاندی ھەرێم ھەیەتی بۆ دەسەڵاتدارانی عێراق، ئەوەیە کە ئێمە ئیتر ناتوانین پێکەوە بژین و ڕیفڕاندۆم دەکەین بۆ ئەوەی گەلانی ئێمە چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، لەمەودوا ئێمە دەتوانین وەک دوو دراوسێ، باشتر پێکەوە بژین، لە بەغداش بۆچوونی جیاواز ھەیە، ھەندێکیان ئامادەی دانوستانن لەگەڵ شاندی ھەرێم، ھەندێکیشیان ئامادە نین پێشوازیی لێ بکەن و دژی جیابوونەوەی ھەرێمی کوردستانن، تەنانەت ھەڕەشەشمان لێ دەکەن.''

(د. ناسح غەفوور) دەشڵێت: ''ئێمە لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە بەشدار بووین لە دروستکردنەوەی عێراقی نوێدا بەو مەرجەی کورد و عەرەب و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە بە تەوافق عێراق بەرن بەڕێوە و ھەموومان پێکەوە بەشدار بین، بەداخەوە دواتر بینیمان ئەوان ھەر وەک کەمینە سەیری کورد دەکەن و بە ھیچ شێوەیەک ئامادە نین، پابەندی تەوافقی پێشوو بن، مادام بنەمای تەوافق لە عێراقدا نەما، ھیچ چارەسەرێکی دیکەمان لەپێش نەماوە، تەنیا ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی نەبێت.''


قائید میرۆ