Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆك بارزانی بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا: گه‌لی كوردستان بڕیاری دا ڕێی خۆی بگرێته‌ به‌ر

 

هه‌ولێر-KDP.info-  (سەرۆك بارزانی) بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای ڕاگەیاند،  ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان لە ڕابردوو و لە قۆناغی جۆراوجۆر لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەوڵی بۆ دەدا، جێبەجێ نەكرا، هەر بۆیەش گەلی كوردستان بڕیاری دا ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر.

لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكادا، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی ڕیفراندۆم تاوتوو كرا

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە 10ـی 8ـی 2017، (ڕێكس تیلەرسۆن) وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستانه‌وه‌ كرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و، پیرۆزبایی سەركەوتنەكانی پێشمەرگەی كرد و هاوكات سەرەخۆشیی لە خانەوادە و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە.

لە بەشێكی دیكەی ئەو پەیوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا دەستخۆشی لە (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان كرد بۆ بڕیاری پێكهێنان و ناردنی شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بە مەبەستی دانوساندن لەسەر پرسە سیاسییەكان.
هەورەها ئەوەیشی ڕاگەیاند، كە پێی باشە ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان دوابخرێ و پشتگیریی خۆیشی بۆ دیالۆگ و دانوساندنی نێوان هەرێم و بەغدا دووپات كردەوە.

لەبەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) سوپاسی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای كرد و هەروەها پێزانینی هەبوو بۆ ئەو هاوكاری و یارمەتیدانەی كە ئەمەریكا پێشكەشی هێزی پێشمەرگەی كردووە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش. هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە بەمنزیكانە شاندی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەكات بۆ گفتوگۆ لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەستن بە ئاییندەی پەیوەندیی نێوان كوردستان و بەغدا.

لەبارەی داواكاری بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم، (سەرۆك بارزانی) بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای ڕاگەیاند، كە ئەو پێكەوەژیانەی كوردستان لە ڕابردوو و لە قۆناغی جۆراوجۆر لەگەڵ دەوڵەتی عێراق هەوڵی بۆ دەدا جێبەجێ نەكرا، هەر بۆیەش گەلی كوردستان بڕیاری دا ڕێگەی خۆی بگرێتەبەر.
(سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا خستەڕوو، كە پرسیار ئەوەیە لە بەرانبەر دواخستنی ڕیفراندۆم چ زەمانەتێك و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئاییندە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟.

هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا هەردوولا بڕیاریان دا كە لە هەموو هەنگاو و پێشهاتە سیاسییەكانی ئاییندەدا هاوكار و هەماهەنگ و لە پەیوەندیی بەردەوامدا بن.