Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆزی شه‌ممه‌ر، جه‌ختیان لە هاوچارەنووسیی خۆیان و گەلی کوردستان کردەوە

 

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریاندا له‌گه‌ڵ (سه‌رۆك بارزانی)، هۆزی شەممەر پێزانینی زۆریان هه‌بوو بۆ (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردستان و پێشمەرگە له‌ تێكشكاندنی داعش و، ئازادکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە.

ئەمڕۆ سێشەممە 8ـی8ـی2017، لە لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە (شێخ ئەنوەر ئەحمەد عەجیل ئەلیاوەر) کەسایەتیی دیاری هۆزی شەممەر و شاندێكی یاوەری كرد.

 

لە دیدارەکەدا، (شێخ ئەنوەر) بە ناوی خۆی و هۆزی شەممەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی (سەرۆک بارزانی) و گەلی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان کرد کە رووبەڕووی تیرۆریستان وەستانەوە و داعشیان تێکشکاند. بەتایبەتییش پێزانینیان هەبوو بۆ ڕۆڵی پێشمەرگە لە ئازادکردنی ناوچەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلە و ئەو ڕێز و حورمەتەی لەلایەن پێشمەرگەوە لە دانیشتوانی ناوچەکە گیرا و، ئەوەیان بە نیشانەی ڕەوشتی بەرز لەقەڵەم دا کە هەمیشە گەلی کوردستان و (سەرۆک بارزانی) و پێشمەرگە و پێی ناسراون.
پێزانینی زۆریشیان هەبوو بۆ گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان و ڕایانگەیاند کە ئەو جوامێرییەی گەل و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز لەیاد ناکەین.

هەروەها جەختیان لە پەیوەندەیی لەمێژینە و برایانەی گەلی کوردستان و هۆزی شەمەر کردەوە و پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەت و هەڵوێستەکانی (سەرۆک بارزانی) و سەرکردایەتیی کوردستان دووپات کردەوە و تەئکیدیشیان لە هاوچارەنووسیی خۆیان و گەلی کوردستان کردەوە.

لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) وێڕای بەخێرهێنانیان، سوپاسی (شێخ ئەنوەر یاوه‌ر) و شاندی یاوەری کرد و، جەختی لەسەر تەبایی و برایەتیی نێوان كورد و ئەو عەرەبانە كردەوە كە بڕوایان بە پێكەوەژیان هەیە و دەستیان لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا نەبووە. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی دووپات كردەوە، كە ئەوەی پێشمەرگە و گەلی کوردستان ئەنجامیان داوە ئەرکێکی مرۆیی و نیشتیمانییە و پێشمەرگەی کوردستان لەپێناو پاراستنی ئازادیخوازاندا قوربانیی داوە و ئێستا و داهاتوویش پێشمەرگە پارێزەری ئەو پێکەوەژیانە دەبێت.​