Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەسوکاری یەکەم شەهیدی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا داوای سەرخستنی ڕیفراندۆم دەکەن

دهۆک-KDP.info- (جەمیل شلی)، کە یەکەم پێشمەرگەی شەهید بوو لە شەڕی دژی داعشدا، کەسوکارەکانی دەڵێن، پێویستە تەوای گەلی کورد پشتیوانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بن، چونکە ئەمە پرسێکی بە گەلەوە بەستراوە و پێویستە خوێنی شەهیدەکانمان بەفیڕۆ نەچێت.

(ئینزار ئیسماعیل مووسا)، خێزانی (جەمیل شلی)یە، کە یەکەم پێشمەرگەی شەهید بوو لە دژی چەکدارانی داعش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تاکە هێوای من ئەوەیە، کە ئەو کوردستانەی هاوسەرەکەم خوێنی خۆی بۆ ڕشت، سەربەخۆ بیت و منداڵەکانم لەو وڵاتەدا پەروەردە بکەم و داخواز لە هەموو کوردستانیان دەکەم، لە ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی ئەم ساڵدا بەرەو سندووقەکانی دەنگدان بچن و بە ''بەڵێ'' دەنگ بدەن و خوێنی شەهیدان لەبیر نەکەن، چونکە پیشمەرگە بە ڕەنجی خۆی هەرچوار وەرزی ساڵ بێ گوێدان بە نەخۆشی، پاریزگاری لە ئیمە دەکەن، پێویستە ئێمەش سەربەخۆ بین.''

لە پەرلەمانی ئەوروپاش پەرلەمانتارەکانی ئەو پەرلەمانە ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەیان کرد، کە وەک یەک یەکەم هێز توانی ئوستوورەی داعش تێک بشکێنیت.

(خالد شلی)، براگەورەی (جەمیل شلی)یە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''گەلانی دنیا هەموویان سەربەخۆن، پێویستە ئێمەش سەربەخۆ بین، ئێمە دەریایەک خوێنمان ڕشتووە بۆ ئەم وڵاتە، بۆ ئەوەی بەتەنیا سەربەخۆ بین، کەچی هەندێک دژایەتی دەکەن، هەر کەسێ دژی سەربەخۆبوون بێت، خیانەت لە خوێنی شەهیدان دەکات.''

هەر لەو بارەیەوە، (سەفین جەمیل)، کوڕی (جەمیل شلی)، کە خۆی پێشمەرگەیە و لە سەنگەردایە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''منیش ئامادەم لە سەر ڕێبازی باوکم، خۆم بکەم بە قوربانی بۆ خاکەکەم و بەردەوام دەبم بۆ ئەوەی گەلەکەم سەربەخۆ بێت، بۆ ئەوەی ئەم خەباتە بەفیڕۆ نەچێت، پێویستە هەموومان بە یەکەوە بە هەموو لایەنە سیاسییەکانیشەوە لە ٢٥ی ئەیلوولدا بە (بەڵێ) دەنگ بدەین.''

شیاوی باسە، برایەکی دیکەی (جەمیل شلی)، بە ناوی (حازم شلی)، ساڵی ١٩٨٨ پێشمەرگە بوو، خۆینی خۆی ڕشت بۆ کوردستان و لە پێناو سەربەخۆییی کوردستاندا  شەهید بوو.

لە جەنگی دژی داعشدا زیاتر لە ١٥٠٠ پێشمەرگە شەهید بووە، کە ڕێکەوتی١١/٦/٢٠١٤، (جەمیل شلی)، وەک یەکەم پێشمەرگە لە ناوچەی (عوێنات)، خۆینی خۆی کردە قوربانی لە پێناو سەربەخۆییی کوردستان.''

کاروان باعەدری