Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆک بارزانی: گەلی کوردستان لەژێر هیچ گوشارێکدا لە ڕاپرسی پاشگەز نابێتەوە

 

هەولێر-KDP.info-  میدیاکانی کوێت ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە چاوپێکەوتنیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پڕۆسەی راپرسی کە وەها بڕیارە ٢٥مانگی دابێ بەڕێوە بچێ، مەترسی نییە بەسەر کەسەوە، بەڵکە مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیە، مەترسیی گەورەی دێنێتە کایەوە.

 

ئەم لێدوانەی (مەسعوود بارزانی)سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی ئەو دیدارە ڕۆژنامەوانییەدا بوو کە پێرێ هەینی، لەگەڵ شاندێکی ڕاگەیاندنکارانی وڵاتی کوێتدا ئەنجامی دا، کە بەسەردانێک هاتبوونە هەرێمی کوردستان.

(سەرۆک بارزانی) ڕایگەیاندووە "ئامانج لە راپرسی، پاراستنی گەلی کوردستانە تا کارەساتی دیکە لە پاشەڕۆژدا دووبارە نەبنەوە کە بەسەری هاتوون"، دەربارەی مەترسیی وڵاتانی دراوسێیش لە ڕاپرسی، رایگەیاندووە "پێویست ناکا وڵاتانی دراوسێ ترسیان لە راپرسی هەبێ، چونکە هەرێمی کوردستان لە ٢٦ ساڵی ڕابردوودا سەلماندوویەتی هۆکاری سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا."

زیاتر لەو بارەوە دواوە و ڕایگەیاندووە، "پێوەندییە ئابووری و سیاسییەکان لە ناوجەکەدا لە پاش ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی، زۆر پتەوتر دەبن."

(سەرۆک بارزانی) ڕوونی کردووەتەوە "ناڕەزایەتیی ئێران و تورکیا بۆ سازدانی ڕاپرسی، پیوەندی بەوەوە هەیە کە کورد لە وڵاتەکانیاندا بوونی هەیە"، ئاماژەیشی دا بەوەی کە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، نەیگوتووە دژایەتیی ڕاپرسی دەکات، بەڵکە کاتەکەی پێ گونجاو نییە.


(سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە لەوەی، کە ڕاپرسی بڕیاری گەلی کوردستانە و دەستبەرداری مافەکانیان نابن و لەژێر هیچ گوشارێکدا لێی پاشگەز نابنەوە.
 
(سەرۆک بارزانی) هەروەها گوتی، لەسەر بنەمای ئەزموونی حوکمڕانیی ڕابردوو، باشترە هەرێمی کوردستان و عێراق دراوسێی باش بن بۆ ئەوەی بەرەوڕووی کێشەی گەورەتر نەبنەوە.

دەربارەی دۆخی مووسڵیش گوتی "هێزی پێشمەرگە نەبووایە، مووسڵ ڕزگار نەدەکرا و داعش دووچاری شکست نەدەبووەوە"، ئاماژەیشی داوە بەوەی کە، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە کردووە، بە هۆی پڕۆسە سەربازییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراقەوە.

پێوەست بە هاوکارییەکانی کوێت لە ڕێی کۆنسووڵەکەیانەوە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئاوارەکان، (سەرۆک بارزانی) هاوکارییەکانی وڵاتی کوێتی بەرز نرخاندووە و ڕایگەیاندووە، هۆکار بووە لە سووککردنی ئازاری ئاوارە عێراقییەکان و، پشتوان بووە بۆ کارە خێرخوازییەکانی هەرێم.

هاوکات پێوەندییەکانی هەرێم و کوێت و برەودان پێیان، بە گرینگ لای گەلی کوردستان وەسف دەکات.