Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ریفراندۆم کلیلی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێیە

خالید عەباس*

لە جیهاندا نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، قسەی زۆری لەبارەوە کراوە و بەگوێرەی پلانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە 2006وە، ئەو نەخشە خراوەتە بەرنامەی کار و لە نێویشیدا کوردستان دەوڵەتە.

ئەقڵیەتی سیاسیی ئەمەریکا وایە، مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی رووداوەکان دەکات، لەگەڵ ئەوەی هێشتا ریفراندۆم لە هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە و کەمتر لە دوو مانگی ماوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ریفراندۆم رووداوێکی گەورەیە بۆ رۆژهەڵاتی ناوین، رووداوێک پێوەستە بە لە دایکبوونی دەوڵەتێکی دیموکراسیی نوێ لەسەر نەخشەیەکی نوێدا، بۆیە ئەمەریکا مەسجێکی دایە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەت لەو پانێڵەی کە لە واشنتن لە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکادا سەبارەت بە ریفراندۆم و پرسی کوردستان لەوماوەیەدا بەڕێوە چوو، بەرپرسان و کۆنگرێسمان دڵنیایی پشتگیریی ئەمەریکایان بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان راگەیاند، لێرەوە دەمەوێ رێک ئامانجەکە باس بکەم، بۆچی کاردانەوەیەکی خێرا لە پاڵپشتی ئەمەریکا بۆ ریفراندۆم بینرا؟

لە دەستپیکدا روونە سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە کلیلی کردنەوەی نەخشەیەکی نوێ لە رۆژهەڵاتی ناوینی نوێدا، نەخشەیەک کە لەسەر دیفاکتۆی سیاسیدا کێشراوە و تەنیا ماوە کە شەرعیەتی دەولی هەبێ، نەخشەیەک کە بەرژەوەندیی وڵاتانی دیموکراسی جیهان لێی گەشە دەکات، چونکە جووڵانەوەی دیموکراسی و مەدەنی و پێکەوەژیانی لێ بەرجەستە دەبێ.
هەڵبەت ئەمەریکا ناگەڕێتەوە نێو عێراقی حەشدی شەعبی کە لەژێر سێبەری وڵاتانی ئیقلیمیی ناوچەکە بەڕێوە دەبردێ، بەڵکو ئەمەریکا دەیەوێ لە ناوچەکەدا لەگەڵ سنوورێکی نوێ و حوکمڕانیێکی بە ئەزموون سەلمێندراو، کە دۆستی مەنهەجیی وڵاتانی رۆژئاوایە، دەیەوێ کاروانی بەرژەوەندییەکانی بخاتەوە کار.

چەند ساڵێکە هەست بە شکستی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوین دەکرێ، بۆیە بۆ هەڵسانەوەی پێگەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، دەبێ کۆمەڵێک رووداوی نوێ هەبێ، لەوانە بەهێزکردنی دەسەڵاتی دیموکراسیی ناوچەکە کە ئەمەیش تەنیا بە دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان دێتە بوون، چونکە دەوڵەتی کوردستان کاریگەریی راستەوخۆی بەسەر لە دایکبوونی رۆژهەڵاتی ناوینێ نوێوه‌ دەبێ.

بەهاری عەرەبی نەیتوانی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ دروست بکات، رووداوەکانی ئەم دواییەی میسر و تورکیا و شەڕی سووریا و لیبیا و یەمەن و، تا کۆتایی هیچ شتیکی نەگۆڕی، بەڵام سەربەخۆییی کوردستان ئامانجەکە دەپێکێ، چونکە سنوورێکی بەهێز و جێگیر و خاوەن بڕیار بۆ گەشانەوەی دیموکراسی لەنێو ناوچەیەکی ئاگردا لەدایک دەبێ و، دەبێتە هۆکارێک کە تیرۆر لە ناوچەکەدا بشکێنێ.

سەربەخۆییی کوردستان یەکەم گورزی گەورەیە لە فکری تیرۆر دەوەشێندرێ و، جیهانیش درکی بەم راستییە کردووە، بۆیە سەربەخۆییی کوردستان نەوەک هەر بۆ کوردستانیان رووداوێکی گەورەیە، بەڵکو بۆ جیهانیش دیاریێکی مەزنە و ئومێدی جیهانە بۆ بنبڕکردنی فکری تیرۆر لە ناوچەکەدا.

سەربەخۆییی کوردستان دەبێتە هۆی کێشانی هێڵێک لە رۆژهەڵاتی ناوینی کۆندا لە نێوان ئەو وڵاتانەی دەچنە بەرەی دیموکراسی و ئەوانەیشی لە بەرەی حوکمڕانیی تاکڕۆییدا دەمێننەوە، بۆیە یەکەم دەوڵەت کە پێشبینی دەکرێ کوردستانە لە رۆژهەڵاتی ناوینێ نوێدا لەدایک دەبێ.
سەربەخۆییی کوردستان بۆ ئەمەریکایش تاڕادەیەکی زۆر ئومێدبەخشە، چونکە هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی باشی لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و بەتایبەت دۆستانی ئەمەریکادا هەیە و، ئیسرائیلیش کە بنەمای یەکەمی بڕیارلێدانی وڵاتانی تازە لەدایکبووی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێیە، بە جیددی هەوڵی بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانە و لەمێژە گڵۆپی سەوزی بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان  لە ناوچەکەدا هەڵکردووە.

لێرەوە دەکرێ بگەین بەو راستییە، کە هەرێمی کوردستان دەبێتە مۆدێڵێکی نوێی سیستەمی حوکمڕانی بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ و، یەکەم دەوڵەت دەبێ کە لەسەر نەخشەیەکی مردووی وەک سایکس-پیکۆدا نەخشەیەکی نوێ بۆ دروستبوونی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ بکێشێ.
چونکە ئیڕادەیەکی بەهێز لە ئەجێندای دیپلۆماسیی هەرێمدا بەدی دەکرێ لەگەڵ بوونی هێزێکی کاریگەری ئاشتیخواز بۆ ناوچەکە، کە هێزی پێشەرگەی کوردستانە و تاکەهێزی سەرکەوتووی جیهانە کە داعشی شکاند. هەروەها ئەو مەسجە پێکەوەژیانەی کوردستان کە بەرەدەوام دەیداتە جیهان کە لە ناوچەکەدا کورد بۆ سەقامگیری و ئاشتەوایی و دیموکراسی دەجەنگێ، ئەمەیش رێک لە چوارچێوەی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان و، كتومت گونجاوە لەگەڵ یاسا بنەڕەتییەکانی یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی پێشەنگی دیموکراسی لە جیهاندا.

*بەڕێوەبەری کاروباری ناوخۆی پارێزگای هەولێر