بارزان-KDP.info- له مه‌راسیمى یادكردنه‌وه‌ى 34 ساڵه‌ى ئه‌نفالى بارزانییه‌كاندا له لایه‌ن رژێمى به‌عسه‌وه، (سه‌رۆك بارزانى) وته‌یه‌كى پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، ''ته‌نیا ده‌رمانى ئازاره‌كانى كورد، سه‌ربه‌خۆییه''، هاوكات داواى یه‌كڕیزى له گه‌لى كورد و لایه‌نه‌كان كرد و گوتى: ''ته‌نیا به یه‌كڕیزى ده‌گه‌ینه ئامانج''، سه‌باره‌ت به به‌غدایش رایگه‌یاند، ''به راشكاوى پێمان گوتوون با دراوسێى باش بین و شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ ئێوه شكستى هێناوه.''
دەقی وتاری سەرۆک بارزانی:
به ناوى خواى مه‌زن و دلۆڤان
ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ ئێوه یادى رۆژێكى پڕ له ئێش و ئازار ده‌كه‌ینه‌وه، كه پێش 34 ساڵدا و له رۆژێكى وه‌ك ئه‌مڕۆ رژێمى به‌عس هه‌شت هه‌زار كه‌سى بێ گوناهى راپێچى بیابانى باشوورى عێراق كرد و هه‌موویانى كۆمه‌ڵكوژ و زینده‌به‌چاڵكرد، ئه‌وانه هیچ گوناهێكیان نه‌بوو، ته‌نیا گوناهیان ئه‌وه بوو كه كوردن و بارزانین.
هه‌شت هه‌زار كه‌س، له گه‌نجى 12 ساڵییه‌وه تا هاووڵاتیانى به ساڵاچووى ته‌مه‌ن 90 ساڵى، هه‌موویان بردن بۆ بیابانى سه‌ماوه و بێ سه‌روشوێنیان كردن و زۆریشیان تا ئێستا روفاتیان نه‌دۆزراوه‌ته‌وه و تا ئێستا رووفاتى 800 هاووڵاتى دۆزراونه‌ته‌وه و هێنراونه‌ته‌وه بۆ زێدى باوباپیرى خۆیان.
له هه‌موو كوردستاندا كه ئه‌نفال ئه‌نجامدراوه به‌داخه‌وه تا ئێستا كۆى 180 هه‌زار تا ئێستا توانراوه رووفاتى 3 هه‌زار بهێنرێنه‌وه و به‌ڵێن ده‌ده‌ینه كه‌سوكارى هه‌موویان كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین رووفاتیان بهێنینه‌وه بۆ زێد و خاكى باوك و باپیریان.
ئه‌مه یه‌كه‌مجار نییه ئه‌و كاره‌ساته به‌سه‌ر بارزانییه‌كاندا بێت و به‌ڵام هیوادارم دوایین جار بێت به‌سه‌ر بارزانیان و ته‌واوى خه‌ڵكى كوردستان بێت.
له ساڵانى بیسته‌كان و سییه‌كاندا گوندى بارزان كه‌وته به‌ر شاڵاوى فڕۆكه‌كان و بۆ یه‌كه‌مجار بۆمبى ته‌قیتكراو به‌كارهێنرا و خه‌ڵكێكى زۆر بوونه قوربانى و شه‌هید بوون، چونكه ئه‌و كاته خه‌ڵك نه‌یده‌زانى فڕۆكه چییه تا به‌وه بگات بزانێت بۆمبى ته‌وقیتكراو چییه و خۆى لێى بپارێزێت.
یه‌كه‌مجار گوندى بارزان له 1892 سووتێنرا و هه‌تا ئه‌مڕۆ 16 جار سووتێنراوه. بۆ ئێمه جێى شانازییه‌كى مه‌زنه كه بارزانیان هیچ جارێك سه‌رى خۆیان بۆ سته‌مكاران شۆڕنه‌كردووه و ناشیكه‌ن.
هه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه بووه و ئه‌و شێره ژنانه له كاتى ته‌نگانه‌دا له بێكه‌سى و بێ پشت و په‌نایى به‌ڵام به ئیراده‌یه‌كى پۆڵایین نه‌یانتوانى ئه‌و منداڵانه‌یان بێ كه‌س بن و بۆیان بوونه دایك و باوك و روویان سپى بێت و ئینشه‌ڵڵا خودا پایه‌ى مه‌زن ده‌به‌خشێته ئێوه چونكه له راستییدا ئێوه نموونه‌ى شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌تى میله‌تى ئێمه‌ن.
لێره‌دا به پێویستى ده‌زانم به ناوى ئێوه و خۆمه‌وه سووپاسێكى گه‌رم ئاراسته‌ى خه‌ڵكى هه‌ولێر و ده‌وروبه‌رى و شه‌قڵاوه، هه‌ریر، باتاس، خه‌لیفان، دیانه، باڵه‌كایه‌تى و سیده‌كان و هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌ى له رۆژى نه‌هامه‌تییدا هاوكارى كه‌سوكارى بارزانییه‌كانیان كرد و خه‌ڵكى هه‌ولێریش زۆر مه‌ردانه هاتنه مه‌یدان بۆ هاوكاریكردنى ئه‌و خه‌ڵكه‌ى بێ كه‌س و بێ سه‌روبه‌رى مانه‌وه و ئه‌و سته‌مه گه‌وره‌یان لێكرابوو. هیچ جارێك چاكه‌ى ئه‌وان له بیر ناكرێت و هه‌میشه خۆمان به قه‌رزارى ئه‌وان ده‌زانیین.
خوشك و برایانى خۆشه‌ویست
پێش ئێمه شێخ ئه‌حمه‌دى مه‌زن ئێمه‌ى فێركردووه، كه ژیان ئه‌وه نییه هه‌ر جۆرێك بێت و بژیت، ژیان ئه‌وه‌یه به سه‌ربه‌رزى بژیت. شێخ عه‌بدولسه‌لام پێش 110 ساڵ به رۆژهه‌ڵاتناسێكى به‌ریتانى گوتووه: پێویسته سه‌ردانێك بۆ من رێكبخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بێمه له‌نده‌ن و پادشاى به‌ریتانیا ببینم و باسى سه‌ربه‌خۆیى كوردستان بكه‌م چونكه ئه‌و سته‌مه‌ى له ئێمه ده‌كرێت قبوڵ ناكرێت. شێخ ئه‌حمه‌دى مه‌زن 12 ساڵ كۆت و به‌ندى زنجیر له ده‌ست و پێیدا بوو له زیندانى به‌سره سازشى بۆ رژێم نه‌كرد و كاغه‌زێكى بۆ نه‌نووسیى. مه‌لا مسته‌فاى بارزان هه‌موو ته‌مه‌نى له چیاكان به‌سه‌ر برد، ئێمه‌ى بارزانى قوتابى ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ن و ئه‌وه بۆ ئێمه شانازییه‌كى مه‌زنه و په‌یمان ده‌ده‌ین هه‌تا ساغ بین له‌سه‌ر ئه‌و رێبازه‌ین.
با بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر باسى ره‌وشى ئێستا، ئه‌گه‌ر هه‌ژمارى بكه‌ین، په‌یوه‌ندى ئێمه له‌گه‌ڵ به‌غدا به دوو قۆناغدا گوزه‌رى كردووه. یه‌كه‌میان له 1920ه‌وه تا 2003 و قۆناغى دووه‌میش له 2003ه‌وه تا ئه‌مڕۆ.
له هه‌ردوو قۆناغدا ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان، ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر ئێمه‌دا هات له‌و هه‌موو كاره‌ساته، به‌ڵام ئێمه ئاماده‌بووین بچینه‌وه به‌غدا و لاپه‌ڕه‌یه‌كى نوێ هه‌ڵده‌ینه‌وه و به‌یه‌كه‌وه به برایه‌تى و دیمو‌كراتى بژین، به‌ڵام دیاره هه‌مان فه‌رهه‌نگه و هیچ سوودى نییه.
له هه‌ردوو قۆناغه‌كه‌دا بڕیار بوو ئێمه هاوبه‌ش بین، به‌ڵام پشكى ئێمه له‌و هاوبه‌شییه‌دا ئه‌وه بوو، كه 4500 گوندى ئێمه‌یان وێران كرد، 182 هه‌زار كه‌سى ئێمه‌یان ئه‌نفالكرد كه زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون، كیمیایبارانى هه‌ڵه‌بجه تا زاخۆ، 12 هه‌زار گه‌نجى فه‌یلى له 18 تا 30 ساڵى و هه‌شت هه‌زار بارزانى كه چه‌ند نموونه‌یه‌كى زیندوون له‌و تاوانانه‌ى به‌رامبه‌ر به میله‌تى ئێمه ئه‌نجامدراوون.
قۆناغى دووه‌میش هه‌موو ده‌زانن، ئێمه وه‌ك خه‌ڵكى كوردستان رۆڵێكى سه‌ره‌كیمان له ده‌ستوورى نوێ‌دا بینى هه‌تا گه‌یشته په‌سند كردن، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه هه‌م بۆ ناوخۆ و هه‌م بۆ ده‌ره‌وه، ئایا به‌غدا چ پابه‌ندییه‌كى به‌و ده‌ستووره‌وه هه‌بووه، نه پابه‌ندى ده‌ستوور بوو، نه مادده‌ى 140 جێبه‌جێكرا، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و مادده‌یه جێبه‌جێكرابا، ره‌نگه زۆر شت ئه‌مڕۆ رووى نه‌دابا. رێگه له پڕچه‌ككردنى پێشمه‌رگه گیرا كه رێككه‌وتنى له‌سه‌ر كرابوو و ده‌ستووریش دانى پێدا نابوو. كاتێك داعش په‌لامارى كوردستانى دا ئێمه رووبه‌ڕووى كێشه بووینه‌وه، چونكه نه چه‌ك هه‌بوو نه جبه‌خانه و ئه‌وان نه‌یانده‌هێشت نه چه‌ك بۆمان بێت و رێگریش بوون له‌وه‌ى خۆمان چه‌ك بكڕین.
تاوان له هه‌موو تاوانێك مه‌زنتر ئه‌وه‌بوو، كه نانى خه‌ڵكى كوردستانیان بڕى، گریمان كێشه له نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌بوو و خه‌تاى هه‌رێمیش بوو، به‌ڵام تاوانى نان بڕینى خه‌ڵكى كوردستان هیچى كه‌متر نییه له تاوانى كیمیایبارانى خه‌ڵكى كوردستان.
ئێمه نه‌مانبینى كه‌سێك ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕێت له‌سه‌ر ئه‌و هه‌نگاوه هه‌ڵه نه‌ك هه‌ر هه‌ڵه‌یه به‌ڵكو تاوانێكى مه‌زن بوو. ته‌نانه‌ت له شه‌ڕى مووسڵیش هه‌موومان رۆڵى پێشمه‌رگه ده‌زانن و ئه‌گه‌ر پێشمه‌رگه نه‌بوایه مووسڵ رزگار نه‌ده‌كرا، به‌داخه‌وه له شه‌ڕى مووسڵ و هه‌تا ئه‌مڕۆ پێشێلكارى گه‌وره روویاندا و ئێمه ته‌حه‌مولمان كرد و قسه‌مان نه‌كرد، به‌ڵام ئێدى ئێمه ناچار بووین بیر له رێگه چاره‌سه‌رێك بكه‌ینه‌وه.
ساڵى رابردوو خۆم چوومه به‌غدا و له پێش منیش سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێم به مانگێك چووبووه به‌غدا و له‌وێ زۆر راشكاوانه له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌كدا رامانگه‌یاند، ئێمه گه‌یشتینه قه‌ناعه‌تێك كه ناكرێت به‌یه‌كه‌وه بژین و ئێوه بڕواتان به شه‌راكه‌ت نییه و ئه‌و شه‌راكه‌ته‌ى هه‌بووه شكستیهێناوه و با راشكاوانه بین و ئازایانه بگه‌یه‌نه ئه‌وه‌ى كه مادام نه‌كرا به شه‌راكه‌ت بژین با دراوسێیه‌كى باش بین، به‌ڵام ئه‌وان به جدى ئه‌وه‌یان وه‌رنه‌گرت و بڕوایان وابوو كه بۆ فشاردرووستكردنه، ئه‌وه بۆ فشاردرووستكردن نییه، به‌ڵكو بڕیاره و سه‌ره‌نجام میله‌تى ئێمه بڕیارى خۆى ده‌دات له 29ى ئه‌یلوول چاره‌نووسى خۆى دیار ده‌كات.
له كۆتاییدا داوا له هه‌موو لایه‌نه‌كان و خه‌ڵكى كوردستان ده‌كه‌م، بیر له‌و هه‌موو تاوانانه بكه‌ینه‌وه كه ده‌رهه‌قمان كراوه، له ئه‌نفال و جینۆساید و كیمیایبارانكردن، له خانه‌قینه‌وه تا زاخۆ، كاتێك ئه‌وانه‌مان بیر ده‌كه‌وێته‌وه پێویسته ویژدانمان له‌سه‌رمان فه‌رز بكات كه یه‌كڕیز بین و باشترین چه‌ك به ده‌ستمانه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ینه ئامانج یه‌كڕیزیمانه.
دووباره جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كه‌مه‌وه نیازمان ئه‌وه‌یه به خۆشى و له‌یه‌كتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ به‌غدا به گفتوگۆ بگه‌ینه ئه‌نجام و ئێمه هیچ بیر له شه‌ڕ ناكه‌ینه‌وه و به پێچه‌وانه‌وه ئامانجمان ئه‌وه‌یه رێگه له شه‌ڕ بگرین و بۆیه هیوادارین وڵاتان و دۆستانى ئێمه له ره‌وشى ئێمه تێبگه‌ن و پشتیوانمان بن و هانى ئێمه و به‌غداش بده‌ن به‌یه‌كه‌وه بگه‌ینه چاره‌سه‌ر و ئێمه و به‌غدا ببینه دراوسێى باش بۆ یه‌ك و به خۆشى بژین.
دووباره هه‌زاران سڵاو بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان و زۆر سووپاس بۆ ئاماده‌بوونى هه‌موولایه‌ك و زۆر سووپاس.