Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

''پڕۆژەی وەزارەتی پێشمەرگە پەسەند کرا و لەم حەفتەیەدا جێبەجێ دەکرێت''

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) پڕۆژەی وەزارەتی پێشمەرگەی پەسەند کرد و لەم حەفتەیەدا جێبەجێ دەکرێت. ماوەی چەند مانگێک بوو لیژنەیەکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە و ڕاوێژکارانی سەربازیی بیانی خەریکی ئامادەکردنی پڕۆژەی ڕێکخستن و باشترکردنی ڕەوشی پێشمەرگە بوون، لە ھەموو بوارەکاندا.

عەمید ڕۆکن (ھەژار عومەر)، ئەندامی لیژنەی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوای ئەوەی لیژنەیەکی شارەزا لە وەزارەتی پێشمەرگە بە ھاوکاریی ڕاوێژکارانی ئەمریکایی و ئەڵمانی و بریتانی پڕۆژەیەکیان بۆ ڕێکخستن و پێداچوونەوە بە ھەیکەل و ژیانی پێشمەرگەدا ئامادە کرد، لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کرا، حەفتەی ڕابردووش سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) پڕۆژەکەی وەزارەتی پێشمەرگەی پەسەند کرد و ئیدی لەمەودوا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی خاڵەکانی نێو پڕۆژەکە جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی کە دەمانەوێت بیانکەین و پڕۆژەکە لەم حەفتەیەوە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێ."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''لەم حەفتەیەدا لە لایەن وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیاوە کۆرسێک بۆ کۆمەڵێک ئەفسەری وەزارەت دەکرێتەوە و ڕاھێنانیان پێ دەکرێت، بۆ ئەوەی لە بەڕێوەبەرایەتیی چاکسازیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابمەزرێن و لە ڕێی ئەو بەڕێوەبەرایەتییەوە تەواوی پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت.''

عەمید ڕۆکن (ھەژار عومەر) گوتیشی: ''پڕۆژەکە زۆر شتی وەزارەتی پێشمەرگە دەگۆڕێت، ھەر لە یەکەکانی سەر بە وەزارەتەوە تا دەگاتە باشترکردنی ژیانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، چونکە بەوردی کار لەسەر پڕۆژەکە کراوە و شارەزایانی ئەو سێ وڵاتە لەگەڵ ئێمە بوونە، ئێمەش لای خۆمانەوە، وەک ئەنجومەنی وەزارەت و ڕاوێژکارە بیانییەکان ھاوکار دەبین، بۆ ئەوەی وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.''

قائید میرۆ