Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بڕیاری کاراکردنەوەی پەرلەمانی دا

هەولێر-KDP.info-  ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە کۆبونەوەی ئەمڕۆیدا کە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، سێ بڕیاری دەکرد.

دەقی ڕاگەیێندراوی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم:


ڕۆژی یەکشەممە ٣٠ـی٧ـی٢٠١٧ لە پیرمام كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرپەرشتیی بەڕێز مەسعود بارزانی و بەشداریی بەڕێزان کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، نوێنەری پارتە سیاسی و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی ئەندام لەو ئەنجوومەنە بەڕێوەچوو.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان، بەشدار بوو و وردەکارییە تەکنیکییەکانی کۆمسیۆنی بۆ ئامادەکاریی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی دیاریکراوی خۆیدا خستەڕوو و ئامادەیی تەواوی کۆمسیۆنی بۆ تەواوکردنی پێداویستییەکان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕۆژی ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ ڕاگەیاند.
دوای تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتەكان و هەڵسەنگاندنی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پڕۆسەی سیاسیی ناوخۆی هەرێم، بڕیار لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە درا:
یەكەم: کۆبوونەوەکە بڕیاری دا بە ڕاسپاردنی بەڕێزان (مەسعوود بارزانی) و (کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی) بۆ پێکهێنانی شاندی دانوستان لەگەڵ بەغدا.
دووەم: کۆبوونەوە بڕیاری دا لە ماوەی دوو حەفتە دا پەرلەمانی کوردستان دەست بە کار بکات بۆ چارەسەری کێشەکان و پشتیوانیی لە ڕیفراندۆم.
سێیەم: لەبارەی پڕەنسیپەکانی پێکهاتە و سکرتارییەتی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بیروبۆچوون ئاڵوگۆڕ کرا.

ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم
٣٠ـی٧ـی٢٠١٧