Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بایدەمیر: ڕۆژهەڵاتی ناوین بە سەربەخۆییی کوردستان سەقامگیر دەبێت؛ پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەکەین

باکووری کوردستان-KDP.info- ئەندامی پەرلەمانی تورکیا و گۆتەبێژی هەدەپە (عوسمان بایدەمیر) دەڵێ، ئەنجامی ڕیفراندۆم بە هەر شیوەیەک بێت، پێویستە تەواوی گەلانی دنیا ڕێز لە بڕیارەکەی ڕیفراندۆم بگرن و قبووڵی بکەن، چونکە سەربەخۆییی کوردستان ڕۆژهەڵاتی ناوین سەقامگیر دەکات.

سەربەخۆیی کوردستان رۆژهەڵاتی ناوین سەقامگیر دەکات

ڕۆژی (٧-٦-٢٠١٧)، (مەسعوود بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنەكانی بەشدار لە حكوومەت و پەرلەمان كۆ بووەوە و بڕیار درا، کە لە (٢٥-٩-٢٠١٧)دا هەرێمی کوردستان ڕیفراندۆم ئەنجام بدات.

(عوسمان بایدەمیر)، لە دیدارێکی تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دەڵێت: ''ئەگەر کوردستان ئازاد بوو، سەربەخۆییی خۆی ڕاگەیاند، ئەوا دەبێتە قۆناغێک و بەو ڕێگەیە ڕۆژهەڵاتی ناوین سەقامگیر دەبێت و کوردستان دەبێتە نموونەیەکی پێشکەوتوو بۆ جیهان، وەک چۆن تەواوی گەلانی دنیا مافیان هەیە سەربەخۆ بن، کوردیش مافی هەیە سەربەخۆ بێت.''
(بایدەمیر) دووپاتی کردەوە: ''ئێمە پێشتریش ڕامان گەیاندووە، بەبێ مەرج ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان قبووڵ دەکەین و پشتگیریی دەکەین، گەلی کورد لە باشووری کوردستان چۆنی بوێت ئێمە پشتگیریی دەکەین.''


یەکگرتنی کورد زۆر پێویستە لەم قۆناغەدا

(عۆسمان بایدەمیر) ئەوەیشی گوت: ''پێشنیار دەکەم پێویستە پێش ڕیفراندۆم هەموو حزبە کوردستانییەکانی باشووری کوردستان بگەن بە سازانێک و لەسەر یەک مێز دابنیشن هەر کێشەیەک هەبێت چارە بکریت، وەک برا، بۆ ئەوەی هیچ وڵاتێک نەتوانیت دەست بخاتە نێو کاروبارەکانیان.''

هەر بۆ پرسی ڕیفراندۆم شاندێکی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆکایەتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە (١١)ی ئەم مانگەدا بەرەو بەلجیکا بەڕێ کەوتن و لە سەر ئەم پرسە لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپا کۆ بوونەوە.
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) دەڵێ: ''پێویستە تەواوی کوردانی جیهان پشتگیریی ئەم پرۆژەیە بکەن و پێشتریش ئێمە هەڵوێستی پەیەدەمان ڕاگەیاندبوو، کە ئێمە لەگەڵ ڕیفراندۆمین و بەبێ مەرج پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین، چونکە گەلی کورد لە باشووری کوردستان دەزانێت، چ بارودۆخێک بۆ ئەوان باشتر و گونجاوترە بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی.''


ریفراندۆمی هەرێم کاریگەری لەسەر پارچەکانی دیکەی کوردستان دەبێ

(عوسمان بایدەمیر) نایشارێتەوە: ''سەربەخۆبوونی باشووری کوردستان دەرفەتێکی زێڕینە بۆ ئەوەی تەواوی پارچەکانی دیکەی کوردستان ئازاد ببن، تا کورد نەگاتە مافی خۆی، ڕۆژهەڵاتی ناوین ئارامی بە خۆیەوە نابینێ، چونکە ئێستا کورد بوونە نموونەیەکی ئاشتی و ئازادی لە ناوچەکەدا، کورد توانیان ئوستوورەی داعش بشکێنن، کورد توانییان ببنە ئارامگەی پێکەوەژیان و لەخۆگرتنی تەواوی پێکهاتەکان، ئەمەش کارتێكردنی زۆری هەیە بۆ ئەوەی جیهان پشتگیریی ئەم پرسە بکات.''


کاروان باعەدری