Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"کوردستان لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا سوودمەند دەبێ"

هەولێر-KDP.info- مامۆستایانی زانكۆ، فراوانبوونی بەرەی پشتوانیكردن لە ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا بە گرینگ وەسف دەكەن و پێیان وایە، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە و ڕەوشی ئێستای عێراق، كاریگەریی لەسەر بۆچوونی ئەمەریكا ھەیە بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی باشووری كوردستان.

دوێنێ ھەینی، لە ئەمەریكا كۆنفڕانسێك لەژێر ناونیشانی كوردستان ھاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمەریكایە، بە ئامادەبوونی (مەسروور بارزانی)، ڕاوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، تێیدا (مەسروور بارزانی) و كۆنگرێسمانە ئەمەریكاییەكان تیشكیان خستە سەر ئەو ھاوپەیمانەتییە و پرسی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی كوردستان.

(ڕۆژگار شێخانی)، مامۆستای زانكۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ''سازكردنی كۆنفڕانسێك لە واشنتن بە ناونیشانی كوردستان ھاوپەیمانی ستراتیژیی ئەمەریكایە و بە بەشداریی ژمارەیەك سەركردەی كوردستان و كۆنگرێسمانەكان، گرینگی و بایەخی خۆی بۆ ھەرێمی كوردستان ھەیە، چونكە پێم وایە ئەمەریكا بە ڕوونی ھەستی بە ھاتنەكایە و نیزیكبوونەوەی كاتی گۆڕانكاری لەسەر نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست كردووە و، دڵنیایە لە لێكھەڵوەشاندنەوەی ئەو ناوچە پڕكێشە و گرفت و گرێوگۆڵە، لە لایەكی دیكەوە وای دەبینم ئەمەریكا زۆر چاك دەزانێت عێراقی ئێستا عێراقی حەشدی شەعبییە و كەوتووەتە ژێر كاریگەری و ھێژمۆنیی ئێرانەوە، لەبەر ئەوەیش بەرژەوەندیی ئەمەریكا وا دەخوازێت و پێویست دەكات پاڵپشتیی ڕیفڕاندۆمی ھەرێمی كوردستان بكات.''

(شێخانی) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: ''ئەگەر ڕیفڕاندۆم ئەنجام درا، ئەوكات ئەمەریكا و وڵاتانی دیكەیش خۆیان لەگەڵ ئەو ڕاستییەدا دەگونجێنن و لەگەل دیفاكتۆ مامەڵە دەكەن، لەو ماوەیەیشدا ژمارەیەك لە كۆنگرێسمان و دیپلۆماتكار و ژەنەڕاڵی سەربازی ئەو بۆچوونەیان گەڵالە كردووە، ھەروەك ژەنەڕاڵی خانەنشینكراوی ئەمەریكا، (ئۆدێرنۆ)، لە گوتەیەكیدا بۆ ڕۆژنامەی واشنتن تایمز دەڵێت، لە واقیعدا ئێستا بەغدا بووەتە ڕۆژئاوای ئێران، سوپای عێراق ٧٥%ـی شیعەمەزھەبن و زیاتر لە ١١٠ ھەزار ئەندامی میلشیا چەكدارە شیعەكانی لێیە.''

لای خۆیشیەوە، (زێرەڤان بەرواری)، مامۆستای زانكۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ''پشتیوانیكردنی ئەمەریكا بۆ ڕیفڕاندۆم و بڕیاری گەلی كوردستان گرینگە، فراوانبوونی دەنگی پشتیوانی لە ئەمەریكاوە لە ڕێگەی گرووپی گوشارەوە دروست دەبێت، سەركردایەتیی سیاسیی ھەرێمی كوردستان بە ئەنجامدانی چالاكی و بەشداریكردنیان لە پرۆگرام و داڕشتنی دیبەیتی سیاسی و ئەكادیمی، ڕێگا خۆش دەكەن بۆ ئەوەی كاریگەریی خۆی ھەبێت لەسەر بەرفراوانبوونی ئەو پشتیوانییەی لە ڕیفڕاندۆم دەكرێت، تەنانەت كاریگەریی لەسەر ڕای گشتیی ئەمەریكا و دروستبوونی بڕیاری سیاسیی ئەمەریكا دەبێت.''

لەبارەی گرینگیی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ ئەمەریكا، (بەرواری) دەڵێت: ''بە گوێرەی پێشھاتە نوێیەكان، بە تایبەتی فراوانبوونی ڕۆڵی ئێران و ڕووسیا لە ھاوكێشە سیاسییەكانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، وا دەكات ئەمەریكا ھەوڵ بدات كۆنتڕۆڵی سیاسی و لەشكری لە ناوچەكە لە دەست نەدات، ھەر ئەوەیش وای كرد واشنتن بۆ جاری یەكەمە مامەڵەی ڕاستەوخۆ لەگەلە وڵاتە بێدەوڵەتەكاندا دەكات، بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی خۆی، ھەرێمی كوردستانیش یەكێك لە گرینگترین فاكتەری بێدەوڵەت بووە و بووەتە ھاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریكا، ئێستا بڕیاری سیاسی لە عێراق ژێر كۆنتڕۆڵی ئێراندایە، ڕەوشی ئەمنی و سەربازی لە دەستی ھەندێ میلیشیای ئایدۆلۆژیدایە، ئەمەیش مەترسییە بۆسەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی لە عێراق و ناوچەكە، لەبەر ئەوەی من پێشبینی دەكەم بەھۆی ئەو گۆڕانكارییانەی لە پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە دەكرێت، لە بەرژەوەندییی كورددا بێت.''
 
قائید میرۆ