Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جەی گارنەر: دەبێ پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان بکەین

واشنتن-KDP.info-  (جەی گارنەر) حاکمی مەدەنی پێشووی ئەمەریکا لە عێراق لە پانێڵی واشنتندا سەبارەت بە کوردستان بە ئاشکرا رایگەیاند کە دەبێ ئەمەریکا پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان بکات.

(جەی گارنەر) لە بابەتەکەیدا، رۆشنایی خستە سەر رەوشی عێراق و باسی لەوەکرد کە کورد و سوننە پەراوێزخراون و شیعە کۆنتڕۆڵی عێراقی کردووە، ئێمە پێویستە واز لە سیاسەتی عێراقی یەکگرتوو بێنین و پشتگیری لە ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بکەین.

(جەی گارنەر) ئاماژەیشی دا، حکوومەتی عێراق سێبەری حکوومەتی ئێرانی بەسەرەوەیە و پێویستە ئێمە باشترین هاوکاری سەربازی پێشکەش بە کوردستان بکەین و بەردەوام راهێنان بە پێشمەرگە بکەین. گوتیشی کە سەربازانی ئەمەریکا دڵیان لای کورد جێماوە ئەوانەی کە بۆ پرۆسەی ئازادی عێراق هاتن. گوتیشی کە، پێویستە هاوپەیمانی زیاترمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەبێ، تاکە هاوپەیمانی ئێمە لەتەک ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناویندا کوردن.

باوەڕیشی وایە، گونجاوترین شوێن لە ناوچەکەدا هەرێمی کوردستانە و دەبێ ئەورووپایش زیاتر پشت بە کورد ببەستن و ئێستا سایکس-پیکۆ کۆتایی هاتووە و ناتوانین رێگری لە گۆڕانکاری نوێ بکەین و پاڵپشتی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەین.

جێی ئاماژەیە، ئه‌مڕۆ هه‌ینى، پرسى سه‌ربه‌خۆیى و ریفراندۆمى كوردستان له‌ كۆنفرانسێكدا لە واشنتن‌  له‌ كۆنگرێسى ئه‌مریكادا ده‌خرێته ‌ڕوو.
هه‌ر یه‌كه‌ له‌ (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان و (نه‌جمه‌دین كه‌ریم) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و پارێزگاری كه‌ركووك و (جۆ وێڵسن) ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا كه‌ نوێنه‌ری كارۆلینای باشوور،‌ سه‌ر به‌ پارتی كۆماریی ئه‌مریكا‌‌ و (ترێنت فرانكس) ئه‌ندامی كۆنگرێسی ئه‌مریكا له‌ ویلایه‌تی ئه‌ریزۆنا له‌ پارتی كۆماریی ئه‌مریكا، له‌و كۆنفرانسه‌كه‌دا پانێلیان ده‌بێت و قسه‌ ده‌كه‌ن.