Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان کرد

هەولێر-KDP.info-  سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی کوردستان کرد و لە وتەیەکدا ڕایگەیاند کە زۆر خۆشحاڵە بە دیداری ئەو ئازیزانە و پیرۆزبایی لە قوتابییەکان و مامۆستایان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ـی٧ـی٢٠١٧ لە سەلاحەددین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە قوتابییە یەکەمەکانی دەرچووی پۆلی دوازدەی ئامادەیی کرد.

لەو دیدارەدا کە وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی ئەزموونەکان و بەڕێوەبەرانی گشتیی پەروەردەی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و گەرمیان ئامادەی بوون، سەرەتا وەزیری پەروەردە سوپاسی (سەرۆک بارزانی) کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی ئەو دیدارە و کورتەیەکی لەسەر پێشکەوتنی پڕۆسەی خوێندن لە کوردستان و ئاستەنگەکان باس کرد.
دواتر (سەرۆک بارزانی) لە وتەیەکدا بەخێرهاتنی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە زۆر خۆشحاڵە بە دیداری ئەو ئازیزانە و پیرۆزبایی لە قوتابییەکان و مامۆستایان کرد. سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: بۆ من زۆر جێی خۆشحاڵییە کە ژمارەیەکی زۆر کچ لە ڕیزی یەکەمەکانی کوردستاندان و کچی شەهیدێکی کوردستان پلەی یەکەمی وەدەست هێناوە، ئێوە هەمووتان ڕوحی شەهیدانتان شاد کرد و مایەی سەربەرزی و شانازیین.
هەر لە دیدارەکەدا دوو قوتابیی یەکەمی هەردوو بەشی زانستی و وێژەیی، بەناوی قوتابییە یەکەمەکانی کوردستانەوە سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد بۆ ئەو پێشوازییە و سوپاسی مامۆستایانیان کرد کە پشتیوانیان بوونە بۆ ئەو سەرکەوتنەیان. هەروەها سوپاسی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستانیان کرد کە لە سایەی ئەوانەوە توانیویانە بە دڵنیاییەوە بخوێنن و بەڵێنیشیان دا کە هەموو توانا و هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی کوردستان و شادکردنی ڕوحی شەهیدان دەبێت.