Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەدنان ئەنوەر بەگ: سەرەتای ئەیلوول، تیمێکی نێودەوڵەتی بۆ چاودێریی ڕیفراندۆم دێنە کوردستان

 

ھەولێر-KDP.INFO-  سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەڵێ، لە کۆتاییی مانگی ئاب و سەرەتای ئەیلوولدا، شاندێکی ئەمەریکایی نێودەوڵەتی ‬سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن بەمەبەستی چاودێریکردنی ڕێکارەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆَم ‭ ‬بۆ‭ ‬سەربەخۆیی‭ ‬کوردستان، چاوەڕوان دەکرێت چەندین تیمی تریش سەردانی کوردستان بکەن بۆ ئەو مەبەستە.

٧ـی ٦ـی ٢٠١٧ لە سەلاحەدین سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەیشدا لایەنەکان رێککەوتن کە ٢٥-٩-٢٠١٧ ریفراندۆم لە ھەرێمی کوردستان ساز بدرێ.
پەیوەست بەم پرسە، (عەدنان ئەنوەر بەگ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "تیمێکی ئەمەریکایی و نێودەوڵەتی، کە‭ ‬لە‭ ‬بواری‭ ‬پڕۆسەی‭ ‬ھەڵبژاردن‭ ‬و‭ ‬رێکخراوە‭ ‬دیموکراسییەکاندا‭ ‬کار‭ ‬دەکەن لە کۆتاییی مانگی ئاب و سەرەتای ئەیلوولدا سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بە مەبەستی چاودێریکردنی پڕۆسەی‭ ‬ریفراندۆم‭ ‬و‭ ‬ھەڵبژاردن‭ ‬و‭ ‬رێکارەکانی‭ ‬پڕۆسەکە."

١١-٧-٢٠١٧ شاندێکی ئەنجوومەنی باڵای ڕاپرسی بۆ سەربەخۆییی کوردستان، لە پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل لەگەڵ ژمارەیەک پەرلەمانتاری یەکێتییەکە کۆ بوونەوە، ڕاپرسی بۆ سەربەخۆیی ئامانجی سەردانەکە بوو، فڕاکسیۆنەکانی ئەو یەکێتییەش، سەربەخۆییان بە مافێکی ڕەوا زانی بۆ گەلی کورد و گوتیان، تیمێک بۆ مەبەستی چاودێریی ڕیفراندۆم دەنێرین بۆ ھەرێمی کوردستان.

(ئەنوەر بەگ) گوتی: "لە سەردانی شاندەکەی ھەرێمی کوردستان بۆ بەلژیکا، بەلژیکییەکانیش گوتیان، بۆ چاودێریی پرۆسەی ڕیفراندۆم تیمی خۆیان دەنیرن، ھەروەھا ‬ئەو‭ ‬تیمە نێودەوڵەتییە ‬باوەڕپێکراوی‭ ‬جیھانییە‭ ‬و‭ ‬لە‭ ‬زۆر‭ ‬وڵاتدا‭ ‬چاودێریی‭ ‬پڕۆسەی‭ ‬ریفراندۆم‭ ‬و‭ ‬ھەڵبژاردنیان‭ ‬کردووە،‭ ‬دوای‭ ‬پڕۆسەی‭ ‬ریفراندۆم‭ ‬و‭ ‬ھەڵبژاردن،‭ ‬ئەو‭ ‬تیمە‭ ‬راپۆرتی‭ ‬خۆی‭ ‬لەسەر‭ ‬چۆنیەتیی‭ ‬ئەنجامدانی‭ ‬پڕۆسەکە‭ ‬بڵاو‭ ‬دەکاتەوە،‭ ‬کە‭ ‬راپۆرتەکانیان‭ ‬قورسایی‭ ‬نێودەوڵەتییان‭ ‬ھەیە."

سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ڕیکخراوە ناحکوومییەکان دەڵێ، سەرباری ئەو ڕاستییەی کە پرۆسەی ئەمجارە وەک ڕیفراندۆمەکەی ساڵی ٢٠٠٥ نییە، ئەوەی ئیستا حیسابێکی نێودەوڵەتی بۆ دەکرێت و گوتیشی "ئەوەندەی لە ڕاگەیاندنەکان دەبینین ئەوەندەی حکوومەتە زلھێزەکانی دنیایش ئەوانەی کە خاوەنی (ڤیتۆن)، ڕۆژانە چاودێریی پێشکەوتنی ئەو دەنگوباسە دەکەن و زۆر بە بایەخەوە وەریدەگرن، کەچی بەداخەوە لە ناوخۆدا بە فیتی دەستێکی دەرەکی دژی ئەو پرۆسەیە دەوەستنەوە، تەنھا بۆ کەمکردنەوەی بایەخی ڕیفراندۆم، بۆیە ھاتنی ئەو شاندە گرینگیپێدانی ئەورووپا و دنیاییە بە پرۆسەکە."
ئەو لەسەر ئەو باوەڕەیشە کە ڕەنگە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە، نەتەوە یەکگرتوەکانیش ھەڵوێستێکی تریان ھەبێ، چونکە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم تا ئەو رۆژەی ھەڵبژاردنەکە ئەنجام دەدرێت، لە ھەوڵ و کۆششەکانی بەردەوام دەبێ، هەڵبەتە دەیەوێ باوەڕ بە نەتەوە یەکگرتووەکانیش بھێنێت، بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە.

فایزە کۆیی