Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دکتۆر مەحموود: لێدوانەکەی عەبادی لەژێر کاریگەریدا بوو

 

هەولێر-KDP.info-  (دکتۆرمەحموود عوسمان) لێدوانە فەرمییەکەی (عەبادی)ـی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە دژی ریفراندۆم، بە راکێشانی دەنگی شیعە ناو دەبات و پێشی وایە، کاریگەریی سیاسەتی ئێرانە.


لەسەر لێدوانە فەرمییەکەی دوێنێی سەرۆکوەزیرانی عێراق، (حەیدەر عەبادی)، لە لێدوانێکی تایبەتیدا (دکتۆر مەحموود عوسمان) سیاسەتمەداری دیاری کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاند: "ئەو توندییەی (عەبادی) لەسەر ریفراندۆم، کاریگەریی ئێرانە لە سەری"، هۆکارەکەشی بۆ ئەو هاوپەیمانێتییەی نێوانیان عێراق و ئێران دەگێڕێتەوە.

(دکتۆر مەحموود) پێشی وایە، خاڵێکی تر لە پشت لێدوانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە هەیە، کە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنە، "بە لێدوانی توند لە دژی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان، زیاترینی دەنگی شیعەی وڵاتەکە بۆ خۆ راکێشێت".

دوێنێ سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە میانەی لێدوانێکدا لە سەر پرسی ریفراندۆم، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک دەوڵەتی عێراق بایکۆتی ریفراندۆم دەکەن، هاوکات ددانیش بە ئەنجامەکەیدا نانێن. وێڕای ئەوەی باوەڕی وایە جارێ کاریگەرییەکانی لێدوانەکە دەرنەکەوتوون و ناکەون، (دکتۆر مەحموود عوسمان) بە باشی دەزانێت هەرێمی کوردستان گفتوگۆی جیددی لەگەڵ ناوەنددا بکات.

ئەو مەترسیی خۆی لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناشارێتەوە و، دەڵێت: "لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بۆی هەیە کێشە درووست بکەن، بە حوکمی بوونیان لەو ناوچانە".

خێڵان بەختیار