Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

کەسایەتی و سیاسییەکانی پێکهاتەکان پشتیوانی ریفراندۆمن


دهۆک-KDP.info-  رۆشنبیران و کەسایەتییە سیاسییەکان پشتگیریی خۆیان بۆ ریفراندۆم دیاری دەکەن و دەڵێن، تاکە جێ، کە ئێمە لێی پارێزراو بین، کوردستانە.

بەرپرسی راگەیاندنی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەلایەتیی لالش رایگەیاند: ''کۆمەڵێک ڕۆشنبیر و کەسایەتیی سیاسیی ئێزدی سەردانی بنکەی لالشیان کرد و پشتگیریی خۆیان بۆ ریفراندۆم دیاری کرد  و دەڵێن، پێوستە هەموومان پێکەوە پشتگیریی ئەم پرۆسەیە بکەین، چونکە ئەمە قۆناغێکی چارەنووسساز و یەکلاکەر دەبێت و پێویستە هەموومان پشتگیریی بکەین.''

شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لە ١١ی مانگی رابردوودا بە سەرپەشتیی (سەرۆک بارزانی) بۆ پرسی ریفراندۆم گەیشتنە بەلجیکا و لە پەرلەمانی ئەورووپا پرسی ریفراندۆمیان تاوتوێ کرد و نوێنەری کوردانی ئێزدیش لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا بوو.

(جەعفەر سمۆ) بەرپرسی راگەیاندنی بنکەی ڕۆشنبیری و کۆمەلایەتیی لالش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: ''کەسایەتییە سیاسییەکان و ڕۆشنبیرانی ئێزدی خۆشحاڵیی خۆیان دەربڕی بە دانانی کەسێکی ئێزدی لە ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندمدا و پشتیوانیی خۆیان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند و دووپاتیان کردەوە، ئەمە دەرفەتێکی مێژوویییە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی ئێزدییان و تێپەڕبوونیان لەو کێشە هەڵواسراوانەی ماون.''

(جەعفەر) دەڵێت: ''ئەوان دووپاتیان کردەوە بۆ ئەم قۆناغە و چۆنییەتیی پێکەوە کارکردن و سەرخستنی ئەم پرۆسە هەستیار و مێژوویییە لە ناوچە ئێزدییەکاندا، بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش و یەکلاکەرەوە بۆ ئایندەی کوردستان بە گشتی و ئایندەی ئێزدییان بەتایبەتی گرەنتی بکرێت، پێوستە هەموان یەکدەنگ بن.''

کەسایەیەتییە سیاسییەکان ئەوەشیان دووپات کردووەتەوە، کە "دەستوەردانی دەرەکی لە ڕەوشی شنگالدا نەمێنیت و ناکرێت هەر ڕۆژ و گرووپێک موزایەدە و بازاڕ لەسەر ڕەوشی پەریشانیی ئێزدییان و ئەردی شنگال بکات و پێویستە بە هۆشیاری و پێکەوە کار بکەین و بە دەنگی خۆمان چارەنووسی ئیدارە و خاکی خۆمان دەستنێشان بکەین و ڕێ بە هیچ گرووپ و لایەنێکی دەرەکی نەدەین دەست وەربداتە خاکمان"، ئەوان هاوکات جەختیان کردووەتەوە پێوستە هەمووان کار بکەن بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە چارەنووسسازە و پەیامی خۆیان بە جیهان بگەیەننن و هەموویان هاوڕا بوون، کە بۆ ئێزدییان بەدیلی کوردستان نییە و تاکە وارگەی ڕەسنی ئێزدییان کوردستانە.

لەو کۆبوونەوەیەی شاندی باڵای ڕیفراندۆمدا، بۆ بەلژیکا و پەرلەمانی ئەورووپا، پەرلەمانتارانیان ستایشی ئەو پێکەوەژیانەی هەرێمیان کرد و بە نموونەیەکی سەقامگیریی ناوچەکە وەسفیان کرد.
 
(عادل میخە) ئەندامی ئەنجوومەنی قەزای تلکێف بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''هیچ کاتێک ناتوانین خۆمان لە کوردستان دوور بگرین و کوردستان جێی ئێمەیە، بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی دەکەین و هەرکەسێک لە دژی ڕیفراندۆم بێت، دژی هەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤە و پێویستە کوردستان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدات، چونکە ئەمە مافێکی ڕەوای تەواوی گەلانی جیهانە.''

لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی ئەورووپادا (سەرۆک بارزانی) پاتی کردەوە، پێکهاتەکان ئەوان ڕێز لە ڕای پێکهاتەکان دەگرن و ئەوان چۆنی بیانەوێت با چارەنووسی خۆیان دەستنیشان بکەن.

(سالم شەبەک)، نوێنەری کوردانی شەبەک لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئێمە دەمانەوێت ناوچەکانمان بگەێێنەوە سەر هەرێم، چونکە ئێمە ناتوانین جاریکی دیکە لەگەڵ ئەو کەسانە بژیین، کە دەستیان لە وێرانکردن و تاڵانکردنی ئیمەدا هەبوو، بە هەموو شێوەیەک پشتگیریی ڕیفراندۆم دەکەین، بۆ ئەوەی ناوچەکانمان پارستووتر بن.''

کاروان باعەدری