Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى پیرۆزبایى له‌ عومه‌رى سه‌یدعه‌لى ده‌كات

هه‌ولێر-KDP.info-  به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنیه‌وه‌ به‌ ڕێكخه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان نامه‌یه‌كى پیرۆزبایى ئاراسته‌ى (عومه‌رى سه‌یدعه‌لى) كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌ڕێز عومه‌رى سه‌ید عه‌لى،
ڕێكخه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان

سڵاو و ڕێز..

به‌بۆنه‌ى هه‌ڵبژاردنتانه‌وه‌ به‌ ڕێكخه‌رى گشتیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌گه‌رمى پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم. پیرۆزبایى له‌ به‌ڕێزان ئه‌ندامانى خانه‌ى ڕاپه‌ڕاندن و سه‌ركردایه‌تیى تازه‌ى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كه‌م، هیوادارم له‌ كار و ئه‌ركه‌كانیاندا سه‌ركه‌وتوو بن.

به‌ وه‌رگرتنى پۆستى یه‌كه‌مى هێزێكى گرنگى سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان، به‌ڕێزتان قۆناغێكى تازه‌ له‌ خه‌بات و ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تى ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌لقه‌یه‌كى دیكه‌ش ده‌خه‌نه‌ سه‌ر ئه‌و زنجیره‌ خه‌بات و تێكۆشانه‌ى كه‌ ساڵانێكى دوور و درێژ و ته‌مه‌نێكى پێشمه‌رگایه‌تى و خه‌بات و كوردایه‌تى له‌پێناو كوردستاندا به‌ڕێتان كردووه‌.

ئێمه‌ به‌ هیوا و گه‌شبینییه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ وه‌رگرتنى ئه‌م پێگه‌یه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێزتانه‌وه‌، ئومێدیشمان زۆره‌ كه‌ ئامانجه‌ هاوبه‌شه‌كانى هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان له‌ به‌دیهێنانى مافه‌ ڕه‌واكانى گه‌له‌كه‌مان، واده‌كات هه‌موومان پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕێزتان و بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و لایه‌نه‌كانى دیكه‌ بتوانین چاره‌سه‌رى كێشه‌كان بكه‌ین و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى ئه‌مڕۆ بۆ گه‌لى كوردستان هاتۆته‌ ئاراوه‌، به‌ باشترین شێوه‌ بۆ به‌رژوه‌ندیى كوردستان و به‌دیهێنانى ماف و خه‌ونه‌كانى، كه‌ به‌ درێژاییى سه‌تان ساڵ خه‌باتى بۆ كردووه‌ و شه‌هید و خوێن و قوربانى بۆ داوه‌، بقۆزینه‌وه‌.

دووباره‌ پیرۆزباییتان لێ ده‌كه‌م، سه‌ركه‌وتوو بن.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
25/7/2017