Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زیاد رەئوف: پەرلەمانتارانی پۆڵۆنیا لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمدان

پۆڵۆنیا-KDP.info-  نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دەڵێت، پەرلەمانتارانی پۆڵۆنیا لەگەڵ ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندان.

دوابەدوای سەردان و دیدارەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (مەسعوود بارزانی) لەگەڵ شاندی یاوەری، کە پێکهاتبوون لە نوێنەرانی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بڕوکسێل و پەرلەمانی ئەورووپا، نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا دیدارێكی ڕێکخست سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی کوردستان. لە دیدارەکە ژمارەیەك لە کوردانی دانیشتووی وڵاتی پۆڵۆنیا ئامادەبوون، کە زۆربەیان قوتابی و دکتۆری دەرچووی زانکۆکانی پۆڵۆنیان، هەروەها خاتوو (ڕێزان)، سکرتێری یەکەمی باڵوێزخانەی عێڕاق لە پۆڵۆنیا بەشداریی دانیشتنەکەی کرد.

(زیاد ڕەئوف)، نوێنەری حکوومەتی هەرێم بە گوتارێك دیدارەکەی دەست پێ کرد، بە ئاماژە بۆ قسەکانی جەنابی (سەرۆك بارزانی)، تیشکی خستەسەر ئەو هۆکارانەی کە وایان لە کورد کردووە ئەو بڕیارە مێژووییە بدات، چونکه کورد ئیتر لە چوارچێوەی عێڕاقدا ناتوانێت بە ئامانجەکانی خۆی بگات، جگە لەوەش هەموو ڕێگەکانی تاقی کردووەتەوە. ڕیفراندۆمیش مانای ئەوە ناگەیەنێت، کە ڕاستەوخۆ کورد سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت، بەڵکو ئەوە دەبێتە سەرەتایەك بۆ ئامادەکاری بۆ ئەو پرسە بە ڕێگەیەکی ئاشتییانە و ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی.

لە گفتوگۆی میوانەکاندا دەنگی جیاواز هەبوو، ئەوانەی کە لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆسەکە بوون و هەروەها ئەوانەش کە پێیان وابوو وادەی ئەنجامدانی پڕۆسەکە جارێ نەهاتووە، چونکە یەکڕیزی نییە و باری ئابووری و سیاسی لە کوردستان گونجاو نییە.

سەبارەت بە لایەنی پۆڵۆنیش، (زیاد ڕەئووف) ئاماژەی دا، کە ڕای جیاواز هەیە لە نێویاندا، هەیانە پشتیوانن و هەشیانە بێلایەنی دەردەبڕن، بە گشتی زۆربەی پەرلەمانتارانی پۆڵۆنیا پشتیوانیی پڕۆسەکە دەکەن.

لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا، نوێنەری حکوومەت جەختی کردەوە، کە کورد بەدیلی تری لەبەر دەست نییە، ئاماژەی بەوە دا، کە لە هەموو وڵاتێكدا لە قۆناغی ئینتیقالیدا گەندەڵی هەبووە و، ئێستا ڕۆژ بە ڕۆژ حکوومەتی هەرێم چاکسازی ئەنجام دەدا، هەروەها هەوڵی بەردەوام دەدا بۆ چاكکردنی باری داراییی خەڵکی هەرێم و، بەبێ مەرج دەیەوێ پەرلەمان کارا بکاتەوە.

لە کۆتاییدا نوێنەری حکوومەت ئاماژەی دا، کە یەکڕیزی گەل گەرەنتیی سەرکەوتنی نەتەوەی کوردە، بەتایبەتی لەو دۆخە هەستیارەدا. ئەرکی هەر کوردێکە لە جێی خۆیەوە کار بکات بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم و گەیشتنی میللەتەکەمان بە ئامانجەکانی.