Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی حزبی مواجەهەی میسری: بە هەموو توانایەک پاڵپشتیی لە مافی چارەنووسی میللەتی کورد دەکەین

قاهیرە-KDP.info-  (د. محەمەد زەکەریا)، سەرۆکی حزبی مواجەهەی میسری لە دیداریدا لەگەڵ (شێرکۆ حەبیب)، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە پشتگیریی خۆی و حزبەکەی دەربڕی بۆ مافی چارەنووسی میللەتی کورد.

(شێرکۆ حەبیب)، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان لە قاهیرە، پێشوازیی کرد لە (د. محەمەد زەکەریا)، سەرۆکی حزبی مواجەهەی میسری و جێگرەکەی دکتۆرە (مەلەک ئیسماعیل). 
لەو دیدارە باس لە ڕەوشی کوردستان و ناوچەکە کرا، بەرپرسی نووسینگەی پارتی لە وڵاتی میسر، ئاماژەی کرد بە دواپێشهاتەکانی کوردستان و پرسی گشتپرسی، کە بڕیارە لە ٢٥ی مانگی سیپتامبەری ئایندەدا ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی گەلی کوردستان بە شێوازێکی دیموکراسی و مۆدێرن بڕیار لە ئایندەی خۆی بدات، لە درێژەی ئاخاوتنەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان هۆکارێکی گرینگ و سەرەکییە بۆ ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکە، کە زیاتر لە سەدەیەکە کورد لە خەبات و تێکۆشاندایە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی و بنیادنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، وەک گەلانی ناوچەکە و جیهان و، لەو پێناوەدا قوربانیی زۆری داوە، ئەوەشی خستەڕوو، لە ڕۆژی گشتپرسیدا زۆربەی حزب و لایەنە سیاسی و نەتەوە جیاجیاکانی کوردستان بەشداری ئەو پرۆسەیە دەکەن. نوێنەری پارتی لە قاهیرە جەختی لەوە کردەوە، کە دەوڵەتی کوردستان دەبێتە هۆکاری پتەوکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و کۆتایی بە گرژی و ناکۆکییەکان دێنێت، هەروەها دووپاتی کردەوە کە گشتپرسی لە سەرجەم ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمش ئەنجام دەدرێت.

لە لای خۆیەوە (د. محەمەد زەکەریا) خۆشحاڵیی خۆی بۆ ئەو دیدار و پێشوازییە دەربڕی و پشتگیریی بۆ مافەکانی گەلی کوردستانی دووپات کردەوە و پرۆسەی ڕاپرسیشی بە هەنگاوێکی گرینگ و دیموکراسی هەژمار کرد و گوتی، مافێکی یاسایی و سروشتی و نەتەوەییە، کەوا میللەتی کورد بڕیار لە ئایندە و چارەنووسی خۆی بدات و پێویستە سەرجەم لایەنەکان ڕێز لە ئیرادەی گەلی کورد بگرن و ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان دەبێتە هۆکاری سەرفرازی و زیاتر پێشکەوتنی کوردستان.