Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

واشنتن تایمز؛ هاوبەشی ستراتیژیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کوردستانە

وێنە/واشنتن تایمز/٢٥-٧-٢٠١٧

ئەمەریکا-KDP.info-  ڕۆژنامەی واشنتن تایمز لە بابەتێکی تایبەت بە هاوبەشی ستراتیژیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەنووسێت، ئەو هاوبەشە ستراتیژییەی ئەمەریکا کوردستانە و کوردەکان ڕۆڵێکی کاریگەریان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەبێت.

ڕووداوە سیاسییەکانی ناوچەکە بە جیهانیان نیشان دا، کە لە ناوچەکەدا هەرێمی کوردستان لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا کۆششێکی زۆری بۆ سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوین و لەنێوبردنی تیرۆر و جێبەجێکردنی بنەماکانی دیموکراتی کردووە. لەپاڵ ئەوەی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە جیهاندا بە تاکە هێزی زەمینیی لەنێوبردنی داعش ناوی دەبرێت، پارێزگاریشی لە پێکهاتەکانی ئایینی و نەتەوەیی کرد و نیزیکەی ٢ ملیۆن ئاوارەیشی لە هەرێمی کوردستاندا حەواندەوە، ئەم سەرکەوتنانەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا لە بابەتێکی ڕۆژنامەی واشنتن تایمزدا ڕەنگی داوەتەوە و ڕۆژنامەکە لە دەستپێکدا بەمە دەست پێ دەکات، کە لەمساڵدا هەرێمی کوردستان یادی ٢٥ ساڵەی یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە، بیری جیهان دێنێتەوە کە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئەورووپایی لە ساڵی ١٩٩١دا هەرێمی کوردستانیان پاراست لە دەستی ڕژێمی عێراقی ئەوسا، چونکە ڕژێمی عێراق زۆر بە شێوەیەکی دڕاندانە هێرشی دەکردە سەر هاووڵاتییانی هەرێم، لەوساوە هەرێمی کوردستان پێی نایە گۆڕانکاریی نوێ و جێبەجێکردنی پرەنسیپیەکانی دیموکراتی لە ناوچەکەدا، لەگەڵ ئەوەی کە کورد سەرکەوتن و شکستیشی بینی، بەڵام لە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمەریکادا پەرەی پێ درا و ڕۆژ دوای ڕۆژ زیاتر پێش کەوت.

ئەگەرچی ڕۆژنامەی واشتن تایمز باسی لە پارێزگاریکردنی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانی کرد، بەڵام جێی وەبیرهێنانەوەیە، کە کورد بە دەستی خۆی لە دەرەنجامی چەندین شۆڕشی گەورەی مێژووییدا گەیشتە بەرهەمی ڕاپەڕین و توانی لە ناوچەکەدا چۆک بە ڕژێمی بەعس دابدات و کوردستان ئازاد بکات، هاوکات لە شەڕی دژ بە داعشیشدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان زۆر بوێرانە ڕووبەڕووی داعش بووەوە و وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، (مەسعوود بارزانی) لە گوتاریدا لە پەرلەمانی ئەورووپا ڕایگەیاند، هێزی پێشمەرگە توانی ٣٠ هەزار کیلۆمەتر خاکی کوردستان لە دەستی داعش ڕزگار بکات و ١٥ هەزار داعشیش تێداچوون.

واشتنتن تایمز  لە بابەتەکەدا نیشانی دەدات، کە لە نەوەدەکاندا ئەمەریکا کوردی لە هێرشەکانی (سەددام حسێن) پاراست، هەروەها پاڵپشتیی کوردیشی کرد لە عێراقی دوای (سەددام)دا، جارێکی دیکەش لەو کاتەوەی کە ساڵی ٢٠١٤ داعش ڕووی کردە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەمەریکا پارێزگاریی لە هەرێمی کوردستان کرد و هاوکاریی کرد و ئێستاش بەردەوامە لە هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان، هاوکات هاوکاریی پێشمەرگەی کرد بۆ سەرکەوتن بەسەر داعشدا.

ئێستا ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا پێویستی بە هاوبەشی ستراتیژی هەیە، ئەو هاوبەشە ستراتیژییەش کوردستانە، چونکە نفووزی کورد لەسەر ناوچە سنوورییەکانی ناوچەکە زۆرە و کاریگەریی زۆریان بەسەر ڕووداوەکانی ناوچەکەدا هەیە.

واشنتن تایمز، لە وەسفی هەرێمی کوردستاندا نووسیویەتی، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە دڵی ڕۆژهەڵاتی ناوین، نەک ئەمەریکا تەنیا پێویستی بە هاوبەشیی ستراتیژی لەگەڵ کوردستان بێ، بەڵکو زۆریش پێویستی پێیەتی، کوردەکان ڕۆڵێکی گەورەیان دەبێ لە چارەکردنی کێشەکانی ناوچەکە، بۆیە ڕۆژنامەکە دەنووسێ، هاوبەشی ستراتیژیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کوردستانە.

شاو