Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەبەرامبەر نەرمینواندنی پارتیدا، گۆڕان چی دەکات؟

د.سالار عوسمان

قۆناغ قۆناغی نەرمینواندنە، قۆناغ قۆناغی لێکگرێدانەوەی ڕایەڵە پچڕاوەکانە، حزبی حەکیم و سیاسیی حەکیم ئەو حزب و سیاسییانەن، کە لە قۆناغە ھەستیار و چارەنووسسازەکان، ئەو قۆناغانەی وەرچەرخان دروست دەکەن، واز لە بەرژەوەندییە حزبییەکان و دیتگا بچووکەکان بھێنن و بپەڕنەوە بۆ مەزنی، مەزنیی لە بەرژەوەندیی و دیتگا و، ھەر لە ڕێی ئەو پەڕینەوەیش چارەسەری سیاسی وەک لێککەوتەیەکی لۆژیکی دەبێتە فریادڕەسی قۆناغەکە و، ئاکام گەیشتن بە قۆناغێکی باشتر و ڕووناکتر، کە شایستەی ھاووڵاتیان بێت و ھەموو لایەکیش تیایدا بەشدار بن و ھەست بە بوونی خۆیان بکەن.
پارتی دیموکراتی کوردستان مێژوویەکی قووڵ و ئەزموونداری ھەیە و لە ھەر قۆناغێکدا، تایبەت قۆناغە چارەنووسسازەکان وازی لە دیتگا حزبییەکانی خۆی ھێناوە و ھەوڵیداوە لە ڕێگەی نەرمینواندن و راگرتنی بەڵانسی سیاسی، کۆکەرەوە بێت، کۆکەرەوە بەو مانا و تێگەیشتنەی، کە کوردستان ئارمانجە و پارتی ئامرازە.
ئێستا قۆناغ قۆناغی ڕیفراندۆمە بۆ سەربەخۆییی کوردستان، کەواتە قۆناغەکە نەک قۆناغێکی حزبی نییە، بەڵکو قۆناغێکی سیاسییش نییە و ڕێک قۆناغەکە قۆناغێکی نیشتیمانییە و دەبێ ھەموو لایەک، حزبەکان و ڕۆشنبیر و میدیاکار و ھاووڵاتیانیش بە ڕوانگایەکی نیشتیمانی، دوور لە ھەستیاری سیاسی و حزبی بەرخوردی دەگەڵدا بکەن و ئاکامەکەی بە قازانجی نیشتیمان و سەربەخۆییی نەتەوەیەکی زوڵمدیتەی بێدەوڵەت وەبەرھەم بهێنن!
ئاشکرایە پێوەندیی نێوان پارتی و بزووتنەوەی گۆڕان ئاڵۆز و گرفتدارە، پارتی وەک خەسڵەتە دیرۆکییەکانی و لە پێناو پەڕینەوە بۆ قۆناغێکی باشتر و ڕووناکتر و، بە دیاریکراوییش بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم، بێ مەرج ھاتووەتە پێش و ئەوپەڕی نەرمی نواندووە و ھەموو دەرگاکانی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان خستۆتە سەرپشت، پرسیار ئەوەیە: ئەی بزووتنەوەی گۆڕان چی دەکات؟..
ئەم پرسیارە: (لە بەرامبەر نەرمینواندنی پارتی، بزووتنەوەی گۆڕان چی دەکات؟) و لەگەڵیشدا وەڵامەکەی، پرسیار و وەڵامێکی مێژوویی، ئەخلاقی، نیشتیمانیین و دەبێ ھەموومان، بە حزبەکانی تریشەوە بە پرسیار و وەڵامی خۆمانی بزانن و لەو نێوەندەشدا ھیچ حزب و لایەن و کەسێک ئاو نەخاتە ئاشی فیتنەوە، بە واتایەکیتر ھەموو لایەک ھاریکار بن و پەیڤ و ڕستە و لێدوانی خێر بدەن و زمانی زبر بە ھەموو جۆرێک لە گۆڕ بنێین!..
وا بڕیارە لەم نزیکانە پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆ ببنەوە، بڕیارە قسەی جیددییش بکەن و کۆتایی بەم گرفت و ئاڵۆزییەی نێوانیان بھێنن، من پێموایە کێ زۆرترین نەرمنی بنوێنێت زۆرترین حیکمەتی سیاسی لای ئەوە، خوازیارین ئاقڵمەندەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، تایبەت ئەوانەی لە شاخدا خەبات گەورەی کردوون و ئەزمووندیتەن، بە لۆژیک و نەرمیی سیاسییەوە بەرخورد دەگەڵ ئەم قۆناغە چارەنووسسازە: (قۆناغی ڕیفراندمی سەربەخۆییی کوردستان) بکەن، کە وەک لە سەرەتادا گوتمان قۆناغی نەرمینواندن و لێکگرێدانەوەی ڕایەڵە پچڕاوەکانە!!..