Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەغدا لە نێوان عەقڵ و نەقڵدا

ئاریان فەرەج

بەغدای ئێستا، ئیدیعای ئەوەی دەكرد بەغدایەكی نوێیە و لەسەر داروپەردووی كۆنەكە دامەزراوە. نەفرەت لە رابردوو دەكات و روانگایەكی نوێی بۆ شەراكەت و عەدالەت پێیە و ملكەچی دەستوورێك دەبێت كە عێراقێكی نوێ دادەمەزرێنێ و تێیدا كورد برابەش و خاوەن بڕیار دەبێ. هەر بۆیەش كورد لە سەرەتاوە بە ئومێد و بە سەخاوەتەوە پشتیوانی لێی كرد.
بەڵام دەسەڵاتدارانی نوێی بەغدا، هەر ئەوەندە نوێ بوون تا بە هاوكاریی كورد گەیشتنە دەستەڵات و پارە و میلیشیا، زوو بە زوو گەڕانەوە سەر بای بەڕە كۆن و بوونەوە میراتگری بەغدای كۆن و هەواداری ئەو فكرە شۆڤێنییە قەومەچییەی كە بەڵای سەری عەرەبە و لەوەتای ئەو فكر و دنیابینییە سەقەتە هەیە، ئوممەی عەرەبی خێری لە خۆی نەدیوە و هەر پاشڤەڕۆ و شكستخواردوو و دوژمندار و بێ دۆست بووە.
دەسەڵاتدارانی بەغدای نوێ، دوای ئەوەی پشتیان كردە دەستوور و شەراكەت و نانی كوردستان و فیشەكی پێشمەرگەیان بڕی و، ئەو پرنسیپانەیان ژێر پێ نا كە بەپێی دەستوور مەرجی مانەوەی عێراق بوون بە یەكپارچەیی، كوردیان خستە بەردەم دووڕێیانی (سەرنەویكردن بۆ گەڕانەوەی بەغدای كۆن) یان (جیابوونەوە و سەربەخۆیی)، كەچی لە بری ئەوەی ئیعتراف بەو راستییە بكەن كە دەستوورپێشێلكردن و سیاسەتەكانی ئەوان كۆتایی بە یەكپارچەیی عێراق هێنا، گەلی كوردستان بە پێشێلكاری دەستوور و دابەشكاری عێراق دەزانن.
ئێستایش دەستەڵاتدارانی بەغدا، بۆ ئەوەی بتوانن بەرخوردێكی عەقڵانی و ئیجابی لەگەڵ ئەو بڕیارە حەتمییەی گەلی كوردستان بكەن بە جۆرێك لە بەرژەوەندیی خۆیان بشكێتەوە. حەق وایە واقعیانە لە هۆكارەكانی بڕوانن و بە (عەقڵ) بیپێون نەك بە (نەقڵ) رووبەرووی ببنەوە. قەومەچییە سەددامییەكان لەوپەڕی هێز و جەبەروتدا و لە هەلومەرجێكی یەكجار جیاوازدا، نەیانتوانی بە چەكی شۆڤێنیزم ئیرادەی كورد بشكێنن، ئێستا لەم هەلومەرجە نوێیەدا نەقڵی هەمان روانگای دۆڕاوی قەومەچێتیی عەرەبی بۆ مامەڵە لەگەڵ كورد، جگە لە بەكارهێنانی چەكێكی چرووكی ژەنگاوی، هیچی دیكە نییە.
گەر دەسەڵاتدارانی ئێستای بەغدا خۆ لەو كەلەپوورە بەسەرچووە بێ جەدوایە و لەو عەقڵیەتە ژەنگگرتووە شۆڤێنییە قورتار بكەن و، بە پێوەرەكانی عەقڵ و بەرژەوەندیی نیشتمانی و واقعبینی مامەڵە لەگەڵ پرۆژەی سەربەخۆییی كوردستان بكەن، هیچ كوێ هێندەی بەغدا لە لای كورد لەپێشتر نییە بۆ ئەوەی ببێتە قووڵایی ستراتیژی و شەریك و دراوسێی پلە یەكی كوردستان. هیچ لوژیكێكیش لەو لۆژیكە عەقلانیتر نییە كە مادام پێكەوەیی لە عێراقدا سەرنەكەوت، با بەدیلەكەی لە جێی دوژمنایەتیی بێ سەمەر، دۆستایەتی و هاوسێیەتییەكی ستراتیژی بێت.
بە داخەوە بیست ساڵی رابردوو، بەغدای نوێ لە هیچ بوارێكدا نەیتوانی لە بەغدای كۆن جیاواز بێت، ئێستا دەرفەتە خۆی لە بەغدای كۆن جیا بكاتەوە، بەوەی لە هەڵوێست بەرامبەر سەربەخۆییخوازیی گەلی كوردستان، لە جیاتی (نەقڵ)ـی روانگای نەزۆكی شۆڤێنیزم و ئینكار و عینادی بەعسیانە، (عەقڵ) بكاتە پێوەر و مامەڵەیەكی عەقڵانی لەگەڵ ئەو پرسەدا بكات. لەجیاتی دوژمنایەتی، دۆستایەتیی هەمیشەییی كورد بەدەست بێنێ.