Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی دارایی: بەهیچ شێوەیەک دابەشکردنی مووچە ناوەستێت

 

هه‌ولێر-KDP.info-  وەزارەتی دارایی و ئابووری رەتی دەکاتەوە هیچ گرفتێک لەگەڵ تورکیا هەبێت؛ چ لە هەناردەکردنی نەوت یان وەرگرتنی پارەی ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت و داهاتەکەی بۆ مووچە خەرج دەکرێت.

(رابەر سدیق) بریکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت بۆ ته‌له‌ڤزیۆنی (رووداو) دەنگۆی مووچەنەدان رەت دەکاتەوە و دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک دابەشکردنی مووچە ناوەستێ و بەردەوامین لە دابەشکردنی و لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستی پێکردووە، هەر دەنگۆیەک لەبارەی نەدانی مووچە بڵاو دەکرێتەوە، درۆیە و بێ بنەمایە".

(رابەر سدیق) ئاشکرای دەکات، بڕیارە بانکی نێودەوڵەتی سیستەمێکی تایبەتی مووچە بۆ کوردستان ئامادە بکات، کە "چیی دیکە ناعەدالەتی لە دابەشکردنی مووچەدا نەمێنێت".

حکوومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەران 100% لە داهاتی نەوت دابین دەکات؛ مانگانە 650 ملیار دینار وەکو مووچە دەداتە ملیۆنێک و 300 هەزار کەس.

بانکی نیودەوڵەتی لەگەڵ وەزارەتی دارایی سەرقاڵی دانانی سیستەمێکی تازەن، کە تایبەتە بە دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان. سیستەمەکە ئەولەویەت دەدات بە دادپەروەری لە دابەشکردنی مووچەدا بەپێی پسپۆڕی فەرمانبەران.

بانکی نیودەوڵەتی کار لەسەر ئەوە دەکات سیستەمێکی گونجاو لەسەر بنەمایەکی دادپەروەرانە بۆ هەرێمی کوردستان دابنێت. سیستمەکە ئەو جیاوازییانە رێکدەخات کە لە مووچەی بنەڕەتی و دەرماڵەدا هەن.