Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. شیرین فوئاد مەعسووم، لە وەڵامی وەفیق سامەرائیدا: ئیبلیس خەون بە بەهەشتەوە دەبینێت

بەغدا-KDP.info-   لە وەڵامدا بۆ (وەفیق سامەڕائی)، کچی سەرۆککۆماری عێراق، (د. شیرین فوئاد مەعسووم) دەڵێ، جگە لەوەی (وەفیق سامەڕائی)، نووسینەكەی بە ڕۆحێكی شۆڤێنی و خەست لە ڕق و بێئەدەبی بەرامبەر بە كورد و (سەرۆك بارزانی) داڕشتووە، دیسانەكە لەسەر پەتكی دووبەرەكی و براكوژی هەڵدەپەڕێت و سەیرتر ئەوەیە، كە زۆر دڵنیایە لە پێشبینییەكانی بۆ كوشتنی كورد بە دەستی كورد.

بەرانبەر بە ئەو  پەیامە شەڕەنگێز و دوور لە ئەدەبەی کە (وەفیق سامەڕائی) لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا دەربارەی پرسی گشتپرسیی خەڵكی كوردستان و هەوڵەكانی (سەرۆك بارزانی) بۆ سەربەخۆییی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە و ڕۆحی قینە و تۆڵەسەندنەوە لە نێوان عێراقییەكاندا دروست دەكات، (د. شیرین فوئاد مەعسووم) بە پەیامێك لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووكدا وەڵامی دەداتەوە و دەڵێت: ''ئیبلیس خەون بە بەهەشتەوە دەبینێت.''

لەو پەیامەدا (د. شیرین) بە (وەفیق سامەڕائی) دەڵێت: ''جگە لەوەی نووسینەكەی بە ڕۆحێكی شۆڤێنی و خەست لە ڕق و بێئەدەبی بەرامبەر بە كورد و (سەرۆك بارزانی) داڕشتووە، دیسانەكە لەسەر پەتكی دووبەرەكی و براكوژی هەڵدەپەڕێت‌ و سەیرتر ئەوەیە، كە زۆر دڵنیایە لە پێشبینییەكانی بۆ كوشتنی كورد بە دەستی كورد.''

لە كۆتاییی پەیامەكەیدا (د. شیرین فوئاد مەعسووم) دەپرسێت‌: ''ئەرێ زەمانە فێری نەكردین لە ڕۆژی تەنگانەدا یەكدڵ و یەكگیان بین؟''