Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میرانی: كوردستان لە وەرچەرخانێكی مێژووییدایە و دەبێ لایەنەكان بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن

هەولێر-KDP.info-  لە دیداریدا لەگەڵ شاندێکی کوردی ئێزدی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، (فازڵ میرانی) ڕایگەیاند، كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە و دەبێ هەموو لایەنەكان زۆر بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن.

ئەمڕۆ لە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، (فازل میرانی) پێشوازیی لە شاندێكی كوردی ئێزدی کرد، كە پێك هاتبوو لە (عەلی ئەتلان)، ئەندامی پەرلەمانی توركیا (هەدەپە) و (لیلا فرمان)، شێوردارا (ئەحمەد تورك)، (ماردین)، (ئاماس داسنی)، سەرۆكی مالا ئێزدییان لە پاریس و (كەریم سلێمانی).

لە دیدارێكدا كە (عیزەددین بەرواری)، ئەندامی (م.س) و (ڕەمزی شعبان) ئەندامی یەدەكی (م.س) و (مەحموود ئێزدی)، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان تێیدا ئامادە بوون، (فازل میرانی) وێرای بەخێرهێنانی شاندی مێوان، باسی بارودۆخی سیاسی و ئابووریی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەکە و گۆڕانكاری و پەرەسەندنە سیاسییەكانی كرد و تەئكیدی كرد، كوردستان لەبەردەم وەرچەرخانێكی مێژووییدایە و دەبێ هەموو لایەنەكان زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە بكەن، بۆ ئەوەی گۆڕانكارییەكان لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا بن.


سكرتێری (م.س) تیشكیشی خستە سەر فەرهەنگی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیاوازەكان لە هەرێمی كوردستاندا، كە كوردستان و هەر پەناگەی ئارامی دەمینێتەوە بۆ هەمووان.

لە لای خۆیانەوە، شاندی مێوان سوپاسی سكرتێری (م.س)یان كرد بۆ ئەم پێشوازییە و ڕەخساندنی ئەم دەرفەتە و پوختەیەك لە كار و چالاكییەكانیان پێشكەش كرد، كە پەرۆشی ڕێكخستنی جڤاكی ئێزدین و بەهیوای بەستنی كۆنگرەیەكن لە كوردستان، لەسەر خاكی باب و باپیران و، هیواخوازن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان هاوكاریان بن. هەوروەها سوپاسی گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ یارمەتیدانی كوردانی ئێزدی و حەواندنەوەیان.

لە كۆتاییدا سكرتێری (م.س) تەئكیدی كرد، ئەمە كارێكی پیرۆزە، كە كۆنگرە لە كوردستان ببەستن و دەستەیەك هەڵبژێرن، وەك مەرجەعییەتێك بێت بۆ كوردانی ئێزدی و خۆیان بڕیاردەر بن، بێ هیچ كارتێکردنێکی دەرەكی و هیوای سەركەوتنی بۆ كۆنگرەکەیان خواست.