Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كاتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم درێژ كرایەوە

 

دهۆك-KDP.info- بەپێی نووسراوێك كە ئاڕاستەی سایلۆییەكان كراوە، وەزارەتی بازرگانیی عێراق بڕیاری داوە كاتی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم تا 25ـی ئەم مانگە درێژ بكاتەوە.

(نازم محەممەد) بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی گەنم و جۆ لە پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پێشتر وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێم  لەلایەن بەغداوە تا 15ـی ئەو مانگە بوو، بەڵام بەپێی ئەو نووسراوەی بە دەست ئێمە گەییشتووە، جووتیاران دەتوانن تا 25ـی مانگ گەنمی خۆیان بۆ سایلۆیەكان ڕەوانە بكەن".

(محەممەد) ڕوونیشی كردەوە: "تا ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆك توانیومانە 110 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرین، لەوانە لە سایلۆی فەیدیێ 34 هەزار و 400 تۆن، سایلۆی زاخۆ 23 هەزار و 400 تۆن، سایلۆی شێخان 37 هەزار و 200 تۆن، بنكەی ڕووڤیا 15 هەزار و 480 تۆن، كە تا ئێستا توانیومانە  بە شێوەیەكی باش گەنمی جووتیارانی سنووری دهۆك وەربگرین، ئەمە لە كاتێكدایە لە ساڵی رابردوودا 284 هەزار تۆن وەرگیرابوو، بەڵام پار ناوچە ڕزگاركراوەكانیش لەسەر سایلۆیەكانی ئێمە بوون، وەلێ ئەمساڵ ئەو ناوچانە لای ئێمە گەنمیان لێ وەرناگیرێت و بەغدایش بڕیاری داوە تەنیا 175 تۆنمان لێ وەربگرێت".

 

ڕابین شێروانی