Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

میرخان: بۆ پارتی ڕیفراندۆم ئەولەوییەتی هەموو كارەكانە

 

هەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی ڕایگەیاند، پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێناوی سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆمدا، ئامادەیە هەموو گفتوگۆ و گوتووێژێك لەگەڵ لایەنەكاندا بكات و، بۆ پارتییش ڕیفراندۆم ئەولەوییەتە.

(ئاراس حەسۆ میرخان)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "چاوەڕوانی وەڵامی فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕانین بۆ كۆبوونەوە، لە ئەگەری وەڵامدانەوەیاندا شاندی پارتی لە ئاستی باڵادا سەردانیان دەكات، بە لای پارتییەوە ڕیفراندۆم ئەولەوییەتی هەموو كارەكانە و، لە دەرەوەی ڕیفراندۆمدا هەرچی هەوڵ هەیە بە لای پارتییەوە ئاساییە، بە تایبەت بۆ گفتوگۆ و كاراكردنەوەی پەرلەمان، بۆ ئەمەیش وەك پارتی پێیمان وایە دەبێت دەستوبرد بركرێت لە دیاریكردنی نوێنەر بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم، چونكە دەبێت لیژنە فەرعییەكان و شانەی ڕاگەیاندن دروست بكرێت كە ئەمەیش كاتی دەوێت، بۆیە چاوەڕێ دەكەین كە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ گۆڕان، دەست بەم هەنگاوانە بكرێت".

(میرخان) گوتیشی، "بڕیارە لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوە لە نێوان یەكێتی و پارتیدا بكرێت و، ئەمەیش بۆ دروستكردنی زەمینەسازیی كۆبوونەوەی حزبەكانە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دەشڵێت، "لەگەڵ گۆڕان لەبارەی پرسی ڕیفراندۆم، كاراكردنەوەی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەكانیان بۆ حكوومەت، قسە دەكەین ".

 

كارزان سەباح هەورامی