Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هۆشیار زێباری: پارتی پێشنیازی گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکانی گۆڕانی کردووە.. سەعدی پیرە: لەگەڵ عێراق نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک بۆیە بڕیاری ریفراندۆم درا

هەولێر-KDP.info-  (هۆشیار زێباری) لە پانێڵێکدا رایگەیاند کە، پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازی نوێی بۆ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و رەزامەندی دەربڕیوە بە گەڕانەوەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیرەکانی گۆڕان. لای خۆیشیەوە (سەعدی پیرە) رایگەیاند کە لەگەڵ عێراق نەگەیشتین بەهیچ ئەنجامێک و ئیدی بڕیاری خۆماندا کە ریفراندۆم بکەین.

"هیچ وڵاتێک ناتوانێ دژی ریفراندۆم بێ"
(ھوشیار زێباری)، نوێنەری پارتی دیموكراتی کوردستان لە کۆمیتەی باڵای ریفڕاندۆم رایگەیاند، " ئەو بڕیارەی بۆ ریفراندۆم دراوە بڕیاری هیچ لایەنێک بە تەنیا نییە و هێز و لایەنە کوردستانییەکان ئەو بڕیارەیان داوە، هەڵبەت هیچ وڵاتێکی جیهانیش ناتوانێ لە دژی ئەو بڕیارە بوەستێت، چونکە ١٩٣ وڵات رێککەوتنی نەتەوەیەکگرتووەکانی واژۆ کردووە کە هەموو میللەتێک مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی هەیە."

" پێش بڕیاری ریفراندۆم دیراسەتی تەواومان بۆ رەوشی ناوچەکە و جیهان کردووە"
لە ئێستادا هیچ وڵاتێک نەیگوتووە کە دژی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستانین تەنیا ئەوە لە هەندێ وڵات بیستراوە کە ئەوان سەرنجیان لەسەر وادەی ریفراندۆمەوە بۆ ئەو مەبەستەیش (هۆشیار زێباری) روونی کردەوە کە،زۆر وڵات تێبینیان ھەیە ئەوە شتێکی دیکەیە ئینجا لەسەر کاتی ریفڕاندۆم یانیش لەسەر شوێنی کێشەی دیکە، بۆ دڵنیابوون یەک وڵات ناتوانێ دژی ریفڕاندۆمی ھەرێمی کوردستان بێت، بڕیاری ئەنجامی ریفڕاندۆم ئیرادەی سیاسی سەرکردایەتی سیاسی کوردستانە، لەوانەشە خەڵک ھەبێت بە نەخێر دەنگی بۆ بدات، بەڵام بەرلەوەی بڕیار لەبارەی ئەنجامدانی پڕۆسەکەوە بدرێت دیراسەتی رەوشی نێوخۆ ناوچەکە و جیھانیش کراوە، ئێمە باوەڕمان وایە  ریفراندۆم یارمەتیدەردەبێ لە چارەکردنی پرسە نێوخۆییەکانیش.

ئەم لێدوانەی (هۆشیار زێباری) لە پانێڵێکی راستەوخۆ بوو کە پەیامنێری ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان تێدا ئامادەبوو و پانێڵەکە لەلایەن یەکێتیی لاوانی کوردستان لە هەولێر سەبارەت بە پرسی ریفراندۆم بۆ هەریەک لە (هۆشیار زێباری) ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و (کاوە مەحموود) سکرتێری حزبی شوعی کوردستان و (سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بەڕێوەچوو.

"پارتی پێشنیاری نوێی بۆ لایەنە سیاسییەکان کردووە"
لە درێژەی لێدوانەکەیدا (هۆشیار زێباری) سەبارەت بە چارەی کێشە نێوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی، " ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیاری نوێمان بۆ لایەنە سیاسییەکان کردووە و لە پێشنیارەکەدا رازین بەوەی کە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و وەزیرەکانی گۆڕان بگەڕێنەوە سەرکارەکانیان و ئەگەر پرسێکیش لەبارەی ریفراندۆمەوە پێوەست بە پەرلەمانی کوردستان با بڕیاری لێوە بدرێ، بەڵام لە راستیدا ریفراندۆم بڕیاری سیاسی بۆ دەرچووە پێویستیشە بۆ بەرچاوی جیهان پەرلەمان بکەوێتەوە سەرکار.

"شاندێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغدا دەکات"
(هۆشیار زێباری) ئاشکرایشی کرد، کە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بڕیارە سەردانی بەغدا بکات، ئەمەیش بۆ پرسکردن نییە کە بەغدا بڵێین ئێمە ریفراندۆم دەکەین، چونکە دەستووری عێراق دەسەڵاتی هەرێم و بەغدای دیاری کردووە، زیاتر لە جارێکیش دەستوور ئاماژەی بە ریفراندۆم داوە، چەندین ساڵیشە ئێمە لە بەغدا شەڕمان لەسەر ئەوەبووە کە دەبێ دەستوور جێبەجێ بکرێ، دەستوور کە زامنی مانەوەی عێراقە ئەوان ئەو دەستوورەیان جێبەجێ نەکردووە، کەوایە عێراقی یەکگرتوو نامێنێ.
گوتیشی،  ئێمە ئێستا بەرەو ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی دەچین و لە ھەمبەر تاقیکردنەوەیەکی مێژوویداین، لە دوای راپەڕین بەرەی کوردستانی بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی دەرکرد، ئەوکاتیش ھەموو جیھان دژی ئێمە وەستایەوە و دەیانگۆت ئەوانە خەڵکی عەشایەرن و ناتوانن ھەڵبژاردن و حوکمڕانی بکەن، کەچی ھەڵبژاردنمانکردو و حکوومەت و پەرلەمانیشمان دامەزراند و سەرکەوتووش بوین، ئەو کاتە دۆستەکانیشمان دژمان بوون و دەیانگۆت ئەزموونی ھەرێمی کوردستان بخنکێنن، لەبەر ئەوە دەبێ ئێمە نەترسیێین و با ئەوەش روون و ئاشکرابێ، ئێمە ھەڵبژاردن بۆ یەک ئامانج دەکەین ئەویش دروستکردنی دەوڵەتی سەبەخۆیی کوردستانە.

"لەگەڵ عێراق نەگەیشتینە هیچ ئەنجامێک بۆیە بڕیاری ریفراندۆم درا"
هەر لە پانێڵەکەدا (سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، "بڕیاری ئەنجامدانی ریفڕاندۆم بڕیارێکی بوێرانەیە و ئێمە دوای چەندین ساڵ دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق نەگەیشتین بە هیچ ئەنجامێک، دوای ئەوەیشی کە ئەنجامەکە گەیشتە بن بەست، بڕیاری ئەوەماندا ئیدی ریفراندۆم ئەنجام بدەین، ئەگەر باسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بکەین ئێمە لە دروشمەکەیشدا بڕیاری مافی چارەنووس هەیە، لە ساڵی رابردوودا هەرێمی کوردستان کار بۆ ئەو پرسە دەکات، بەڵام دوای ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بڕیاری ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانی دەرکرد، ئێمەیش بڕیاری خۆماندا کە ریفراندۆم بکەین.

"دەوڵەتێک دادەمەزرێنین دەوڵەتی هاووڵاتی و پێکهاتەکان بێ"
هەر لە پانێڵەکەدا (د.کاوە مەحموود)، سکرتێری حزبی شوعی کوردستان پێوەست بە ریفراندۆم رایگەیاند، "لەم ھەلومەرجەی ئێستادا ئەنجامدانی ریفڕاندۆم پرسێکی گرینگە و وەرچەرخانێکی گەورەیە لە ناوچەکەدا دەکرێ، چونکە رەوشی ناوچەکە و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست خۆی گرفتی دەوڵەتی ھەیە، مانەوەی دەوڵەتێک بەناوی عێراق بە یەکگرتووی بە خاک و ئاو و خەڵکەوە بەندە بە جێبەجێکردنی دەستوور، من پێموایە پێویستە ھەنگاوەکانی بەرەو ریفڕاندۆم خێراتربکرێن و لەو پرسەدا کەس و براوە و دۆڕاو نییە، پێویستە ھەموومان کاری بۆ بکەین، دەوڵەتێک دامەزرێنین دەوڵەتی ھاوڵاتی و پێکھاتەکانبێت، ھیچ ھاوڵاتیەکی کوردستان بڕوای بەوە نییە ئێران و تورکیا رازین ھەرێمی کوردستان ریفڕاندۆم بکات، ئەوە خۆمانین دەبێت بڕیاری خۆمان بدەین و رازیبین بە ریفراندۆم.

قائید میرۆ