Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئافرەتانی تاراوگە: ڕیفراندۆم کۆتایی بە ستەمی ڕژێمە شۆڤینییەکان دێنێت

ئەورووپا-KDP.info- ئافرەتانی چالاکوانی کورد لە تاراوگە دەڵێن، بە هەموو هێزەوە پشتیوانی و پشتگیری لە ڕیفراندۆمی هەرێم دەکەین، بۆ ئەوەی کوردستان سەربەخۆ بێت.

لە ٧ی مانگی ڕابردوودا لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی لایەنە سیاسییەکاندا بڕیار درا، لە (٢٥-٩-٢٠١٧)دا ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی کوردستان بەڕێوە بچێت.

لەم بارەیەوە، چالاکوان، (بەناهی نێروەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئەوەی لە ڕیفراندۆمدا بە ''بەڵێ'' دەنگ نەدات، هەستی کوردستانیی نییە و خیانەت لە خوێنی شەهیدان دەکات، چونکە ڕیفراندۆم گرێدراو بە لایەنێکەوە نییە، ڕیفراندۆم چارەنووسی گەلی کوردە و مافی ئێمەیە لەسەر ئەم خاکە وڵاتێکمان هەبێت، وەک هەموو وڵاتانی دنیا و ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، کۆتاییهێنانە بە ڕژێمە شۆڤینییەکان.''

لە (١١-٧-٢٠١٧)دا شاندێک بە سەرۆکایەتیی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی ڕیفراندۆم گەیشتنە پەرلەمانی ئەورووپا لە برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و چەندین پرسیان لەگەڵ ئەوان تاوتوێ کرد، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان بوو، ئەوانیش پشتگیریی خۆیان دیاری کرد و بڕیاریان دا چاودێر بنێرن بۆ هەرێمی کوردستان.

سەبارەت بەم پرسە، (نەورۆز هالۆ)، بەرپرسی یەکیتیی ئافرەتانی کوردستانی لە شاری میونخی ئەڵمانیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ئافرەتان بە هەموو شێوەیەک بەشداری لە ڕیفراندۆمدا دەکەن و ئەنجامەکانی ڕیفراندۆم ئەم شتە دیاری دەکەن و پێویستە سیاسییەکانی کورد کێشەکانی خۆیان بەجێ بهێڵن بۆ دوای ڕاگەیاندنی دەوڵەتی کوردستان، چونکە چارەنووسی گەلەکەمان لە هەموو شتێک گرینگترە.''

لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی ئەورووپادا وێڕای سوپاسی ئەوان بۆ پێشمەرگە، کە لە جیاتی دنیا ئوستوورەی داعشی شکاند، پەرلەمانی ئەورووپا پشتیوانیی خۆی بۆ ڕیفراندۆم دیاری کرد و بە مافێکی مەشروعی گەلانی لەقەڵەم دا.

لە لایەکی دیکەوە چالاکوان، (ئامینا نێروەیی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''ڕیفراندۆم هەنگاوێکی مێژووییە لە ژیانی گەلی کورددا بۆ سەربەخۆییی گەلی کورد، مافێکی مەشروعی گەلەکەمانە بۆ ژیانی ئازاد و ئاشتی لەسەر خاکەکەمان و بەرهەمی خۆینی شەهیدان و سیاسەتی حەکیمانەی سەکرایەتیی گەلی کوردە، کە بۆ جیهانی ڕوون کردەوە و، ئێستا ئەوان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن.''

کاروان باعەدری