Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەرپرسێکی یەکگرتوو: دەبێ هەموو لایەک خۆیان لە ڕیفراندۆم بکەنە خاوەن

هەولێر-KDP.info-  بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكگرتووی ئیسلامی و ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە، ڕایگەیاند، ڕیفراندۆم مافی خەڵكی هەرێمی كوردستانە، ڕیفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان، خۆ لە ڕیفراندۆم بكەنە خاوەن.

حەفتەی ڕابردوو شاندێكی ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم، كە لە زۆربەی حزب و لایەنەكان و پێكهاتەكان پێك هاتبوو، بە سەرۆكایەتیی ( سەرۆك بارزانی)، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئەورووپای كرد و لەگەڵ بەرپرسانی بەلجیكا و یەكێتیی ئەورووپا كۆ بوونەوە، كە ئەو شاندە لەسەر داوای یەكێتیی ئەورووپا سەردانی  برۆكسلیان كردبوو، ئەوانیش خۆشحاڵیی خۆیان بەو سەردانە نیشان دا و ئاماژەیان بەوە كرد، كە گەلی كورد مافی خۆیەتی بڕیار لە چارنووسی خۆی بدات. هەر دەربارەی ڕیفراندۆم (د. محەمەد مستەفا)، بەرپرسی مەڵبەندی سێی یەكگرتووی ئیسلامی و ئەندامی سەركردایەتیی ئەو حزبە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: ''ڕیفراندۆم، پرسێكی نیشتمانییە، خەونی گەلی كوردە، كە چەندین ساڵە چاوەڕوانی ڕۆژێكی لەو شێوەیەن، كە بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن، ئەوە مافێكی یاسایییە كە گەلی كورد ڕیفراندۆم ئەنجام بدات، دەستووری عێراقیش ئەو مافەی بە گەلی كورد داوە، بەڵام بۆ ئەوەی ڕیفراندۆم زیاتر سەركەوتن بە دەست بهێنێت، پێویستە لایەنە سیاسییەكان  ڕێك بكەون و ناكۆكییەكان نەهێڵن و پەرلەمان كارا بكەنەوە، لەگەڵ ئەوەی پێویستە حكوومەت چارە بۆ قەیرانی دارایی بدۆزێتەوە.''

ئەو بەرپرسەی سەركردایەتیی یەكگرتوو ڕوونیشی كردەوە: ''هەڵوێستی ئێمە، وەكو یەكگرتووی ئیسلامی دیار و ئاشكرایە، ئێمە بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە ڕیفراندۆم دەكەین، ئەركە لەسەر ملی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ بارودۆخەكە بكەن و بە زووترین كات كێشەكان نەهێڵن و ئاشتەوایی سیاسیی پەیدا بكەن، چونكە ڕیفراندۆم پرسێكی نیشتمانییە، نەك پرسێكی حزبی، نەك وا حساب بكەن، كە ئەوە بۆ حزب و لایەنێكە، یان بە لایەنێكەوە گرێ دراوە، بەڵكو بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە گرێ دراوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان خۆ لە ڕیفراندۆم بكەنە خاوەن.''

ڕابین شێروانی