Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هێنری لێڤی: کوردستانی سەربەخۆ و ئازاد، بەهێزترین هۆکاری ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکەیە

 

هەولێر-KDP.info-  فەیلەسوفێکی فەرەنسایی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ و ئازاد بە هۆکاری ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە دەزانێت.

لە وتارێکدا کە لە هەفتەنامەی (لۆپوەن)ـی فەرەنساییدا بڵاوی کردووەتەوە، (بێرنارد هێنری لێڤی) فەیلەسووفی ناوداری فەرەنسایی، باسی لە پرسی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستان کردووە کە بڕیارە ٢٥ی مانگی ئەیلوولی دابێ ئەنجام بدرێت، لەو بارەیەوە نووسیویەتی، لە ڕەوانگەی ئەورووپاییەکانەوە کە وڵاتی عێراق بە دروستکراوی دوای یەکەم شەڕی جیهانی دەزانن و وەک دەوڵەتێکی دەستکرد ناوی دەبەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان وەک نەتەوە – دەوڵەت دەڕوانن کە خاوەنی ڕەسەنایەتیی خۆیەتی، ڕیشەی قووڵی فەرهەنگیی هەیە و ڕێز لە بنەما دیموکراتییەکان دەگرێت، لەوانە ئازادی و یەکسانیی ژن و پیاو و پاراستنی مافی کەمینەکان.

لەو وتارەی فەیلوسەفە فەڕەنساییەکدا هەروەها هاتووە، پشتیوانی لە سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، پشتیوانییە لە دیموکراسی و ڕێزگرتنە لە مافی کەمینە نەتەوەییەکان کە بە ڕوونی لە هەڵسوکەوتی کوردەکان و هاووڵاتیانی غەیری کورد لە هەرێمی کوردستاندا دەردەکەوێت. پاڵپشتی لە سەربەخۆییی هەرێمی کوردستان، پاڵپشتییە لە بەرابەری و یەکسانیی ژن و پیاو لە کۆمەڵگا و ئەو بنەمایانەی کە وڵاتانی ئەورواپای لەسەر دامەزراوە.

نووسەر لە وتارەکەیدا هاوکات نووسیویەتی، کە جێی گومان نییە سەرەڕای دوژمنان و نەیارانی سەربەخۆییی کوردستان، ئەو دەوڵەتە دەبێتە هۆکاری زۆر بەهێزی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.

(بێرنارد هێنری لێڤی) لە وتارەکەیدا لە هەفتەنامەی (لۆپوەن)، هەروەها ئاماژە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکات لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و دەڵێت، کە لە ڕاستیدا پێشمەرگەی کوردستان بوو کە لە مانگەکانی ئۆکتۆبەر و نۆڤەمبەری ڕابردوودا دەروازەکانی شاری مووسڵیان بە ڕووی هێزەکانی سوپای عێراقدا کردەوە، هەر ئەوانیش بوون کە لەم ساڵانەی دواییدا بە تەنیا لە بەرامبەر داعشدا وەستان و بە کردنەوەی بەرەی شەڕی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر، شکستیان پێ هێنان.