Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

جووتیارە ‌‌نموونەییەكە: دەبمە شاگردی دەوڵەتی كوردستان.. بەرهەمی كشتوكاڵی بەشی هەناردەش دەكات


هەڵەبجە-KDP.info- جووتیارە نموونەییەكەی پارێزگای هەڵەبجە ڕایدەگەیێنێت، بەروبوومی كشتوكاڵیی هەرێمی كوردستان، بەشی پێداویستیی ناخۆ دەكات، ئەگەر زیاتریش نەبێ. ئەو جەخت دەكاتەوە كە، ئەگەر بە هۆی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییەوە، هیچ شتێكیش لە وڵاتانی دراوسێوە نەهێندرێ، جووتیاران دەتوانن بەرهەمی ناوخۆ دابین بكەن.

(ئازاد محەممەد) كە جووتیارێكی نموونەییە لە پارێزگای هەڵەبجە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، لە ئێستا‌دا بەروبوومی ناوخۆیی كشتوكاڵ، لە ‌ئاستێكی زۆر بەرزدایە، كە دەتوانێت پێداویستیی تەواوی باشووری كوردستان دابین بكات.

(محەممەد) كە زەوی و ئاوی هەرێمی كوردستان بە زۆر دەوڵەمەند و‌ گونجاو‌ بۆ كشتوكاڵ وەسف دەكات، هاوكات بە پێویستیشی دەزانێ‌ حكوومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرینگی بە بواری كشتوكاڵ بدات.

ئەگەرچی هیچ ئاماژەیەكی پێشوەختە نییە، چونكە بەرژەوەندییە ئابوورییەكان لە نێوان هەرێم و دراوسێکانیدا زۆر و گەورەن، بەڵام لەبارەی ئەگەری كاردانەوەكانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆییی باشووری كوردستان، لەلایەن دراوسێكانەوە، چۆنیەتیی دابینكردنی بەروبوومی كشتوكاڵی، ئەو جووتیارە نموونەییە باوەڕی وایە، جووتیارانی كوردستان دەتوانن بەروبوومی سەوزە و تەڕە، گەنم و جۆ و پێداویستییەكانی دیكەیش بۆ تەواوی باشووری كوردستان دابین بكەن و جەخت دەكاتەوە، "ئێستا بەروبووم‌ زیاترە لە پێویستیی نێوخۆیی‌، دەتوانین ئەوەی لە خۆمان زیادە، هەناردەی ‌وڵاتانی دەرەوەیشی بكەین."

تامەزرۆیی (ئازاد محەممەد) بۆ بڕیاردان لە چارەنووسەكەی لە ڕێی سندووقی دەنگدانەوە هێندە زۆرە، دەڵێ، "وەك جووتیارێك بەڵێن دەدەم ببمە شاگردی دەوڵەتی كوردستان؛ هەموو ئەو توانایەیش كە هەمە لە ‌داهێنانی كشتوكاڵی و هاوكاریی برا جووتیارەكانمدا بۆ زیاتر خزمەتكردنی میللەتەكەمان دەخەمە گەڕ. ئاواتی هەموومانە كە دەوڵەتی كوردستان بە ‌چاوەكانی خۆمان ببینین، دەستخۆشی لەو هەوڵانە دەكەم كە بۆ ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان لەئارادان."

(ئازاد محەممەد) ساڵانە بەروبوومێكی زۆری كشتوكاڵی دەخاتە بازاڕەكانی كوردستانەوە، بە ‌داهێنانەكانیشی لە ڕووی بەرهەمی كشتوكاڵییەوە، چەندین جار لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ڕیكخراوەكانەوە خەڵات كراوە‌.

هێڤیار هەڵەبجەیی