Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

١٤٠ دۆلار درا بە 984 منداڵی بێباوك له سلێمانی

 

سلێمانی-KDP.info-  دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە رێگەی پڕۆژەی چاودێریی ئازیزانەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ مانگی سووری ئیماراتی و (فەرمانگەی كاروباری ئیسلامی و خێرخوازی لە دوبەی)، بڕی ١٤٠دۆلاری بەسەر 6 هەزار منداڵی بێباوك (ئازیز)ـدا دابەش دەکات.

بۆ زیاتر دڵخۆشكردنی منداڵانی بێباوك و پڕكردنەوەی ئەو كەلێنانەی لە ‌ژیانیاندا رووبەڕوویان دەبێتەوە، دەزگای خێرخوازیی بارزانی هەوڵی جیدیی دا لەگەڵ هاوبەشەكەی (مانگی سووری ئیماراتی) ئامادەیی نیشان دا جەژنانە بەسەر 6 هەزار منداڵی بێباوكدا دابەش بكات، كە بڕی (840 هەزار دۆلار)ـە، ئەم هاوكارییەیش خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە هەر منداڵێكی بێباوك (ئازیز) بڕی (140 دۆلار)ـی پێ دەدرێت بە مەبەستی كڕینی جلوبەرگ و پێداویستییەكانی دیكە، كە ئەمەیش بێگومان كاریگەریی ئەرێنیی بەسەر ئەو خێزانانەوە دەبێت و دڵخۆشییەك بەو منداڵانە دەبەخشێت كە لەم ئان و ساتەدا كوردستان بە قەیرانێكی قورسی داراییدا تێپەڕ دەبێت.

لە درێژەی دابەشكردنی هاوكارییەكان بۆ منداڵانی بێباوكی كوردستان، لە شاری سلێمانی پرۆسەی دابەشكردنی دیارییەكان بەردەوامە و تێیدا لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا هاوكاری بەسەر 984 منداڵدا دابەش كراوە، گرینگیی ئەم هاوكارییەیش لەوەدایە كە ماوەی چەندین ساڵە كوردستان بە قەیرانێكی سەختی داراییدا تێپەڕ دەبێت و دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە هاوكاریكردنی منداڵانی بێباوك و سوككردنی باری گرانی ژیانی رۆژانەیان‌.