کەرکووک-KDP.info- ئامادەکاری بۆ کۆبونەوەی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ پێکھاتەکانی کەرکووک دەکرێت و بەرپرسێکی پارتییش ئاشکرای کرد، داواکاریی پێکھاتەکانی کەرکووکمان گەیاندووەتە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان.
(د. محەمەد خورشید)، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پێشتر ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتی و پێکھاتەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک سەردانی ئێمەیان کردووە و ئێمەش لای خۆمانەوە چەندین سەردانمان ئەنجام داوە و پێکھاتەکانی کەرکووک لە کورد و تورکمان و عەرەب داواکاریی ئەوەیان ھەبوو، چاویان بە (سەرۆک بارزانی) بکەوێت و لەگەڵ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کۆ ببنەوە، ئێمەش لای خۆمانەوە ئەو داواکارییەمان گەیاندووەتە مەکتەبی سەرۆک و بەڕێزیان خۆشحاڵ بووە لەگەڵ گشت پێکھاتەکانی کەرکووک کۆ ببێتەوە و گوێ لە داوەکارییەکانیان بگرێت.''
(سەرۆک بارزانی) لە ماوەی ڕابردوودا لەگەڵ کەسایەتییە ئەکادیمییەکان و ھۆزەکانی مەخموور و دەشتی نەینەوا کۆ بووە و تێدا پێکھاتەکان پاڵپشتیی خۆیان بۆ پڕۆسەی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان نیشان دا و داوایان کرد لە دەوڵەتی داھاتووی کوردستاندا مافەکانیان زامن بکرێت.
(محەمەد خورشید) ئاماژەیشی دا: ''ڕۆژی کۆبوونەوەکەی (سەرۆک بارزانی) لەگەڵ پێکھاتەکانی کەرکووک دیاری نەکراوە، بەڵام دانیشتنەکە ئەنجام دەدرێت و ئێستا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی دیداری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێکھاتەکانی کەرکووک دەکرێت، لە دەرفەتێکدا کۆبوونەوەکە بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا ھەموو پێکھاتەکان بەشداری دەکەن و چاوەڕێی دیاریکردنی وادەیەکین لە لایەن نووسینگەی سەرۆکەوە.''
قائید میرۆ