Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە دەشتی نەینەوا حەشدی شەعبی تێکبەربوون

دەشتی نەینەوا-KDP.info-  شەڕ و ئالۆزی کەوتە نێوان دوو گرووپی کریستیانی نێو حەشدی شەعبی لە دەشتی نەینەوادا.

(وەحیدە یاقوو)، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''دوو گرووپی کریستیان لە نێو ڕیزەکانی حەشدی شەعبیدا ھەن و ئەمڕۆ لە ناوچەی دەشتی نەینەوا شەڕ و پێکدادان کەوتووەتە نێوان گرووپی کەتائیب بابیلۆن و بزووتنەوەی ئاشووری و لە ئەنجامدا چەکدارەکانی سەر بە بزووتنەوەی ئاشووری چەکەکانیان فڕێ داوە و ڕایان کردووە، ئەوەش بووەتە ھۆی دڵگرانیی خەڵکی دەشتی نەینەوا، چونکە ئەگەر بە شەڕێکی نێوخۆییی ئەو گرووپە ھەڵبێن، ئەی ئەگەر گرووپێکی مەترسیداری وەک داعش ھێرشیان بۆ بێنێت، چی دەکەن، تا ئێستا زانیاریمان بۆ نەھاتووە شەڕەکە بە ھۆی چییەوە ڕووی داوە، بەڵام ناکۆکیی زۆر لە نێوان گرووپەکانی نێو حەشدی شەعبیدا پەیدا بووە.''

حەشدی شەعبی لە ژمارەیەک گرووپی جیاواز و توندڕەو پێک ھاتوون و لەگەڵ ھێرشی سەر مووسڵ بەشێک لەو گرووپانەی حەشدی شەعبی دەستیان بە سەر ناوچەکانی دەشتی نەینەوا لە بەرەی ڕۆژھەڵاتی مووسڵدا گرتووە و ئاوارە کریستیانەکان لە ترسی تاوانەکانی ئەو هێزانە ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان، پێشتریش (لارا زارا)، چالاکوانی کریستیان  بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەی ئاشکرا کردبوو، حەشدی شەعبی چەندین تاوانی دژی مرۆڤایەتیی لە بەرامبەر ھاووڵاتییە کریستیانەکاندا ئەنجام داوە و بە دەیان خانوویان سوتاندووە.

(وەحیدە یاقوو) گوتیشی: ''خەڵکی دەشتی نەینەوا داوا دەکەن ناوچەکانیان لە لایەن ھێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە پارێزگاریی لێ بکرێت و ئەو ناوچانەی حەشدی شەعبی داگیری کردوون خەڵکی زۆر کەم گەڕاونەتەوە، ھەروەھا خەڵکی دەشتی نەینەوا داوایان لە (حەیدەر عەبادی)، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، ھەرچی زووە حەشدی شەعبی لە ناوچەکانیان بکشێتەوە و نایانەوێت لە لایەن ھێزێکەوە پارێزگارییان لێ بکرێت، کە خۆی سەرچاوەی کێشە و ئاشووبە لە مووسڵ.''

لای خۆیشیەوە، (ھۆشیار مالو)، سەرۆکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کورد بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''حەشدی شەعبی لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکەی عێراق تاوانی جەنگییان ئەنجام داوە و ژمارەیەکی بەرچاوی ھاووڵاتییانی سڤیلیان کۆمەڵکوژ کردووە، ھەرچەندە چەندین جار لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ھۆشداری دراوەتە حکوومەتی (عەبادی) دەربارەی ئەو تاوانە، بەڵام حکوومەتی عێراق بێدەنگی ھەڵبژاردووە و ساڵی ڕابردوو لە فەلووجە حەشدی شەعبی تاوانی وەھای ئەنجام داوە، کە خەڵک لە لایەن چەکدارنی حەشدی شەعبیەوە دەکوژرێت، بەداخەوە مووسڵ وەک خاک ڕزگار کراوە، بەڵام وەک خەڵک ڕزگاریان نەبووە.''

قائید میرۆ