Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئێستا ئازایەتییە

دڵشاد مستەفا وەسانی

كورد لە مامەڵەكردنیدا لەگەڵ نەتەوەكانی سەردەست، هەرگیز بەو جۆرە كاری نەكردووە، هەرسێ نەتەوە بە بەردەوام وەك دوژمن سەیر بكات، كەچی ئەو نەتەوانەی سەردەست هەمیشە كوردیان بە هەڕەشە زانیوە، لە حوكمڕانیدا نەك كوردیان وەك هاووڵاتی ژمارە یەك حیساب نەكردووە، بەڵكو خاكیان داگیركردووە و سیاسەتی سڕینەوەی مۆركی نەتەوەییان بەرامبەر پەیڕەو كردووە، تا بەوە گەیشتووە لە چارەگی كۆتایی سەدەی بیستەم بەغدا چەكی كیمیاویی دژی خەڵكی سڤیلی كوردستان بەكارهێناوە، شاڵاوی ئەنفالی كردۆتە سەر كوردستان و ئێستاشی لەگەڵدابێت، وڵاتێكی موسڵمان نەیگوت بەناوی ئیسلامەوە كورد لەناومەبەن، بەڵكو وەك نیشانەی رازی بوون بێدەنگییان هەڵبژارد.

بەغدا هەوڵیداوە عەرەب لای كورد وەك دوژمن وێنا بكات، بەڵام هەمیشە كورد گوتوویەتی دەسەڵاتداران لە نەتەوەی عەرەب جیادەكەینەوە، تا ساڵی 2003 لە كوێ كورد هەستی بە چاكەی تاكەكەسیی عەرەب كردبێت، كاری لەسەر ئەو چاكەیە كردووە،  بەشێوەیەك هەوڵی داوە هەموو عەرەب لە روانگەی ئەو چاكەكارەوە وێنا بكات، لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، دەتواندرا بە زۆر شێوە لە ناو جەرگەی شارە گەورەكانی عەرەبنشین تەقینەوە بكرێت، لە قۆناغەكانی دواتری شۆڕشی كوردستانیش هەروا بووە، لێ ئەو هەڵوێستە تا ئێستاش كاریگەری خۆی لە سەر مامەڵە لەگەڵ عەرەب هەیە.

ساڵی 1963 موحسین ئەلحەكیم باپیری عەممار حەكیم، دوای ئەوەی حكوومەتی عێراق داوای لێكرد فتوایەك دەربكات كە شەڕكرن لەگەڵ كورد حەڵال بكات، رەتیكردەوە و بە پێچەوانەوە فتوای دا و رایگەیاند شەڕی كورد حەرامە، ئەم فتوایەش وەك ئامرازێك بۆ دەوڵەمەندكردنی بەرنامەی تۆڵەنەسەندنەوە لە لایەن كوردەوە بەكارهێندرا، لەكاتێكدا لە 1963 شاڵاوێكی دڕندانە كرایە سەر كوردستان، یەكێتی سۆڤیەتی ئەوكات هەڕەشەی بۆ عێراق و توركیا و ئێران و سوریا نارد، پێشنیازێكیشی دایە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوانباركردنی عێراق، كەچی كورد بەو پشتیوانییەی یەكێتیی سۆڤیەت لەخۆبایی نەبوو، بارزانیی نەمر فتوای موحسین حەكیمی وەك كەرەستەیەك بۆ پتەوكردنی پەیوەندی بەكارهێنا، هەر بەوهۆیەشەوە بنەماڵەی حەكیم لای كورد رێزێكی زۆریان هەبووە، دوای 2003 و لە عێراقی نوێدا، هەمیشە فتوای 1963 لای كورد لەپەیوەندی لەگەڵ شیعە ئامادەیی هەبووە، بۆیە كورد هەوڵیدا لە چاوی كوڕانی موحسین حەكیم، محەمەد باقر حەكیم و دواتر عەبدولعەزیز حەكیمی باوكی عەممار حەكیم، سەیری هەموو شیعە بكات.

ئێستا عەممار حەكیم دوای 54 ساڵ لە فتوای حەرامكردنی شەڕی كوردستان كە لە لایەن باپیریەوە درا، دژی داخوازیی خەڵكی كوردستان وەستاوەتەوە، لێرەدا وێڕای رێز بۆ فتوای ئەوكات، بەڵام پرسیاری جدی سەرهەڵدەدات، ئەگەر ئەوكات شیعە لە دەسەڵات بوایە ئەو فتوایە دەدرا؟ چونكە ئەوكات دەسەڵات بە دەست سوننەوە بوو، ئێستا شیعە دەسەڵاتدارە، كەچی ئەو دەسەڵاتە هەموو جۆرە شەڕێكی كوردستان دەكات، بۆ شیعە ئێستا ئازایەتییە ئەگەر دژایەتی كوردستان نەكات، فتوای 1963 لای كورد رێزی لێ گیرا، بەڵام ئەو فتوایە تاودانەوەیەكیش بوو بۆ شیعە، چونكە وەستانەوەیەك بوو بەرامبەر حكوومەتی سوننە، كورد قسەیەكی هەیە دەڵێ: لە كاتی سەفەر یا مامەڵەیەك برادەر بناسە، هەقە ئەوەشی بخاتەسەر و  بڵێ: عەرەب (شیعە و سوننە) لە دەسەڵاتدا بناسە.