Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

حەیدەر شەشۆ حزبە نوێیەکەی ڕاگەیاند؛ پشتی ڕیفراندۆم دەگرین و دەمانەوێت شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێم

دهۆک-KDP.info- (حەیدەر شەشۆ)، کە فەرماندەی هێزی پاراستنی ئیزدیخانە، ئەمڕۆ لە پارێزگای دهۆک حزبە نوێیەکەی بە ناوی (پارتی ئێزدیی دیموکراتی) ڕاگەیاند و وەک سەرۆکی حزبەکە گوتیشی، ئەوان پشتیگری لە ڕیفراندۆم دەکەن و دەیانەوێت شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێم.


ئەمڕۆ، شەممە، لە پارێزگای دهۆک، (حەیدەر شەشۆ)، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان کۆنگرەی دامەزراندنی حزبە نوێیەکەی بە ناوی (پارتی ئێزدیی دیموکراتی) ڕایگەیاند.

هەر لە بارەیەوە (حەیدەر شەشۆ)، تایبەت بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئامانج لە دروستکردنی کۆنگرەی پارتەکەم لە پارێزگای دهۆک لەبەر هۆکاری ئەوە بوو، کە زۆربەی ئێزدییەکان لە پاریزگای دهۆک کۆچبەرن، کە نیزیکی ٨٠%ن، پێویست بوو ئەم کۆنگرەیە لەم پاریزگایە ببەستین، وێرای ئەوەش، (شەشۆ) سوپاسی پاریزگاری دهۆک و هێزە ئەمنییەکانی پاریزگاکەی کرد،  بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی دامەزراندنی حزبەکەی.''

(شەشۆ) گوتی: ''پارتەکەمان پارتێکی سەربەخۆ و بێلایەنە و سەر بە هیچ لایەنێکی حزبییەوە نییە، تەنیا ئێمە پەیوەندیی باشمان لەگەڵ هەموو پارتە کوردییەکان هەیە و هیچ کاتێک ناتوانین لە دووری ئەوان بین،  ئامانج لەم حزبە خزمەتکردن و بەدەستهێنانی مافی ڕەوای ئێزدییەکانە.''

(شەشۆ) دەڵێت: ''لە دوای شەش مانگ، یان ساڵێکی دیکە، کۆنگرەی گشتی و یەکەم دەبەستین، ئیستا خەریکی دروستکردنی دەستەیەکین بۆ حزبەکە، بۆ ئەوەی کار بکەن و پاشانیش کۆنگرەی گشتی دەبەستین.''

(شەشۆ) ئەوەیشی خستەڕوو: ''حزبەکەمان هەموو ڕێکارە یاساییەکانی کۆمیسیۆنی تەواو کردوون و بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی کوردستاندا دەکات.''

ڕیفراندۆمی هەریمی کوردستان لە (٢٥-٩-٢٠١٧)دا بەڕێوە دەچیت، (حەیدەر شەشۆ) گوتی: ''پرسی ڕیفراندۆم بە دیدی ئیمە پرسێکی زۆر زۆر گرینگە و پێویستە ئێزدییان ئەم پرسە بە گرینگ وەربگرن، چونکە کوردستان خاک و وڵاتمانە و ڕیفراندۆم مان و نەمانی ئێمەیە و پێویستە ڕیفراندۆم لە هەموو ناوچە ئێزدییەکان بکرێت و پشتگیریی ئەم پرسە بکەن و شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێم و بە هیچ شێوەیەک نابێ لە کوردستان جیا بێتەوە، چونکە ئێزدیخان کوردستانە و کوردستان ئێزدیخانە، ناکریت لێک جیا ببنەوە.''

کاروان باعەدری