Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

په‌روێز ڕه‌حیم: پێکەوەژیانی کوردستان بە گوێرەی بەها نێودەوڵەتییەکانە

ھەولێر-KDP.info-    مامۆستای زانستە سیاسییەکان، (پەروێز ڕەحیم) دەڵێت، سەردانی شاندی ھەریمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی ئەورووپا ھاوتەریبە لەگەڵ بەھا و نۆرمە ویستراو و خوازیارە نیودەوڵەتییەکان، بەتایبەت پێوەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا، بۆیە ئەمە دەتوانێت دەرخەر و پێکھێنەری ھێزی نەرمی کوردستان بێت، کە وا بکات بەرپرسیارەتییەکی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ئەزموونە لە ئەگەری ھەر ھەڕەشە و ھێرشێکی دەرەکی دروست بێت.

11-7-2017  لە یەکەم ھەنگاوی لێژنەی باڵای ڕیفراندۆمی ھەرێمی کوردستان بۆ بەلجیکا،  ئەوە خوێندرایەوە کە بوونی نوێنەری پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان و ئایینە جوداکان کە لە شاندەکەدا بوون، زیاتر دیمەنێکی پێکەوەژیانی دا بە ئەورووپا، وەک تورکمان و مەسیحی و ئێزدی و ھەروەھا ئەو گرەنتییەی کە (سەرۆک بارزانی) لە گوتاریدا لە پەرلەمانی ئەورووپا دای بە پیکھاتەکان و ئایینە جوداکان و تەنانەت بەو عەرەبانەی لە ھەرێمدا دەژین و دووپاتی کردەوە، کە ئەوان چۆنیان پێ باشە لە کوردستان وا دەژین، هەڵبەت ئەم گوتارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە لای ئەورووپاییەکانەوە نموونە و دڵنیاییەکی زۆری دا، کە کوردستان لەوپەڕی لووتکەی پیکەوەژیاندایە، کە تێکڕای پێکهاتەی نەتەوەیی و ئایینی لە هەرێمی کوردستاندا مومارەسەی ژیانی خۆیان بە ئازادی دەکەن و نوێنەری خۆیشیان لەو شاندەدا بوو، کە بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی پەرلەمانی ئەورووپای کرد.

شارەزایانی ئەو بوارە دەڵێن، هێزی نێودەوڵەتی و ئەورووپا هەرێمی کوردستان لە هەر هەڕەشەیەکی جددی دەپارێزێت، ئەگەر جاڕی سەربەخۆییی خۆیان لێدا، چونکە هەرێمی کوردستان نموونەی دیموکراسیی ناوچەکەیە.

سەبارەت بە کەلتووری پێکەوەژیان و دیموکراسیی هەرێمی کوردستان کە لە جیهاندا ڕەنگی داوەتەوە، مامۆستای زانستە سیاسییەکان، (پەروێز ڕەحیم) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوتی: ''کەلتووری پێکەوەژیان و دیموکراسی و فرەیی ویستراو بە ناوەندی ئەم ھێزە دادەندرێت. بۆیە ئەم دیپلۆماسییەی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت پاڵپشتی و لایەنگریی دەوڵەتان دەستەبەر بکات.''

لە بەردەوامی لێدوانەکەیدا (پەروێز ڕەحیم) ئاماژەیشی دا: ''پرسی فرەیی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ھەموو پێکھاتە و ناسنامە جیاوازەکان یەکێک لەو بابەتانەیە، کە لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاستدا نموونەی دەگمەنە. ئەمەش وێنایەکی بەرز لە بواری مافی مرۆڤ و دیموکراسی بە مانا گشتییەکەییەتی، کە ڕۆڵ و پێگەی نیودەولەتی و ناوچەییی ھەرێمی کوردستان بەرجەستە دەکات. ئەمە لەکاتێکدایە ئەم ناوچەیە بە دواکەوتووترین ناوچەی جیھان لەم ڕووەوە دەناسرێت و پرسی توندوتیژی و سڕینەوە و سەرکووت و تیرۆر و تەنانەت جینۆسایدی پێکھاتەکان لە ئارادایە. بەم پێیە ئەم سەردانەی شاندی ھەریمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھاوتەریبە لەگەل بەھا و نۆرمە ویسترا و خوازیارە نیودەوڵەتییەکان، بەتایبەت پێوەرەکانی یەکێتیی ئەورووپا. بۆیە ئەمە دەتوانێت دەرخەر و پێکھێنەری ھێزی نەرمی کوردستان بێت، کە وا بکات بەرپرسیارەتییەکی پاراستنی نێودەوڵەتی بۆ ئەم ئەزموونە لە ئەگەری ھەر ھەڕەشە و ھێرشێکی دەرەکی دروست بێت.''

ئەورووپا و وڵاتانی دیکەی ئاشتیخواز و دیموکراسی لە جیهاندا ناتوانن دەستبەرداری هەرێمی کوردستان بن، کە بە کردار کاری بۆ پارێزگاریکردنی بنەمای دیموکراتی و پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا کردووە، هەر ئەم باوەڕەیشە کە (ڕەحیم) ڕوونی دەکاتەوە: ''یەکێک لە ڕەھەند و ڕەگەزەکانی ھێز، ھێزی نەرمە، کە لە چوارچێوەی بەھا و پێوەرە بەرزە مرۆییەکاندا خۆی دەبینیتەوە؛ کەلتووری پێکەوەژیان و دیموکراسیانە و فرەیی و ویستراو بە ناوەندی ئەم ھێزە دادەندرێت، بۆیە ئەم دیپلۆماسییەی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت پاڵپشتی و لایەنگری دەوڵەتان دەستەبەر بکات. لە ئەگەری نەخوازراویشدا دەتوانێت ئەو وڵاتانەی کە بانگەشەی پێکەوەژیان و ئازادی و پاراستنی مافی مرۆڤ و پەرەپێدانی دیموکراسی دەکەن بخاتە دۆخێکی قورسەوە ،ئەگەر ددان بە مافی گەلی کوردستاندا نەنێن. بۆیە ئەم سیما و وێنایە لە ھەرێمی کوردستان بە سەرچاوەی ھێزی نەرمی کوردستان دادەندرێت و لە ‌داھاتووشدا دەتوانێن وەکو مۆدێلێک سەیری بکەین. ئەمەش لە وتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، (مەسعوود بارزانی)یدا بە ئاگایی و ڕاستگۆیی و وشیارییەوە ڕەنگی دایەوە. ھەرچەندە نابێت لە ‌بیرمان بچێت، لەم ناوچەیەدا، کە پڕ لە مێژووی خوێناوی و کێشە و پێشێلکارییە لەھەمبەر مرۆڤ و پێکھاتە جیاوازەکاندا، تەنیا دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردستان دەتوانێت دەستەبەری ئاسایش و دلنیایی بۆ بەردەوامیی ئەم ئەزموونە دروست بکات. ئەمەش ئەو خاڵە زێرینەیە، کە بە دروستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێداگریی لەسەر دەکات. ئەمە بۆ مانەوە و بەردەوامی و پاراستنی ئاسایشی ناسنامەیی و وجوودی کوردیش ھەر ڕاستە.''

ڕۆژی 7-6-2017 لە کۆبوونەوەی (مەسعوود بارزانی)، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی ھەرێم و کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکاندا، ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داھاتوویان وەک ڕۆژی ڕیفراندۆمی کوردستان دەستنیشان کرد.

(ڕەحیم) گوتی: ''لە کۆتاییدا دەتوانیین بڵێین ھەنگاوەکان بۆ سەربەخۆیی و دەستەبەرکرددنی پاڵپشتی بە دروستی تا ئێستا بەرێوە دەچێت و بۆ دەگمەن جارەکانیشە کە کورد (وەکو بکەریکی یەکپارچە) بەباشی بەھا و نۆرمە زاڵە جیھانییەکانی لە پاڵ گرنگیدان بە ھێزی پێشمەرگە و جەنگی دژەتیرۆر، کە ئاشتی و ئاسایشی نیودەوڵەتیی خستووەتە دۆخێکی مەترسیدارەوە، درک کردووە. بۆیە ئەرکی ھەموو ھیز و لایەنە سیاسییەکانە (بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە) کە ھەموو ھەوڵێک بدەن، لە سەروو بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە، تا ئەم وێنایە لە دەسەڵاتدارییەتیی کوردستان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی سەربەخۆ کە گەرەنتیی ئاسایش، سەقامگیری و ئاشتی دەکات لە ناوچەکەدا، نەرووخێت و نەڕووشێندرێت. ھەرێمی کوردستان خاوەن و ھەڵگری کەلتوورێکی دەگمەن و نایابە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، کە ئەویش پاراستن و پارێزراویی فرەیی و پێکەوەژیان و ئاسایشی ناسنامەکانە.''

فایزە ‌کۆیی