Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سایەمیر بۆ لایەنیکی کوردی لە بەغدا: فەیلییەکان بەشداری ریفراندۆم دەبن و قسەکانتان نامان ترسێنێ

بەغدا-KDP.info-  بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەڵێت، لایەنێکی کورد دەیەوێت کوردانی فەیلی لە بەغدا وا تێ بگەیەنێت، کە ڕیفراندۆم ھەڕەشەیە بۆ سەر ئەوان، ئەم کارەشیان لە ڕێی چەند کەسێکەوە دەکەن، کە لای خۆیان لە پەرلەمان دایانمەزارندوون و ژمارەیان لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکات، ئەگەرنا کوردانی فەیلی بە ھەموو شێوەیەک لەگەڵ ڕیفراندۆمدان و بەبێ دوودڵیش تێیدا بەشدار دەبن، چونکە دەوڵەتی کوردستان خەونی ئەوانە.

(ئیسماعیل سایەمیر)، کارگێڕی ڕێکخستنی لقی پێنجی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''لایەنێکی سیاسی دەیەوێت وا خەڵک تێ بگەیەنێت کە ڕیفراندۆم ھەڕەشەیە بۆ سەر ژیانی ئەوان و ئەگەر بەشداری لە ڕیفراندۆمدا بکەن، لە بەغدا دەردەکرێن و وا خۆشیان دەردەخەن، کە پارێزگاری لە ئەوان دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش چەند کەسێکیان بانگھێشتی پەرلەمان کردبوو، کە ئەو کەسانەیان لای خۆیان دامەزراندووە لە پەرلەمان و لە پەنجەی دەست تێپەر ناکەن، بەڵام ئەمە ھیچ کاریگەرییەکی لەسەر کوردانی فەیلی نییە، بۆ ئەوەی پەشیمانیان بکەنەوە، بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆمدا بکەن، چونکە خەونی ھەموو تاکێکی کوردە، کە کوردستان سەربەخۆ بیت.''

(ئیسماعیل سایەمیر) گوتیشی: ''ھەموو کوردانی بەغدا و فەیلییەکانیش لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمن و ئەگەر ھەڕەشەشیان لێ بکرێت، ناتوانێت پەشیمانیان بکاتەوە لە بەشداریکردنیان لەو پرۆسەیەدا، بۆیە ئەو ھەوڵەی لە لایەن لایەنێکەوە دەدرێت، ھیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە ئەوان بڕیاری خۆیان داوە.''

ئەمەش لەکاتێکدایە، ماوەیەکە باس لەوە دەکرێت بە ھۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە ھەڕەشەی دەرکردن لە کوردانی فەیلی لە بەغدا و ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکرێت و باس لەوە دەکەن، کە فەیلییەکان وادەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەگونجاو نازانن، بەڵام ئەمە لە لایەن فەیلییەکانەوە ڕەت دەکرێتەوە.

بڵند ئیبراھیم