Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

برۆکسل، خاڵێکی وەرچەرخان لە پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی

د. دلاوەر ئاژگەیی    

ئەمڕۆ، هەرێمی کوردستان نەتەنیا وەک کێشە و دۆزێکی پشتگوێخراوی کەڵەکەبووی ناکۆکییە ئیتنیکە ناوخۆییەکانی عێراق سەیر دەکرێ، بەڵکو بە یەکێک لە فاکتەرەکانی دەستەبەرکردن و پاراستنی سەقامگیریی سیاسی و یەکلاکەرەوەی هاوکێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێی دەڕوانرێ و، سیاسەتمەدارنی ئەورووپایی وەک فاکتەرێکی بەهێزی پەراوێزنەخراوی داڕشتنی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حیسابی بۆ دەکەن.
ئەم راستیەش لەکاتی سەردانیکردنی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بارزانی بە ئاشکرا هەستی پێ دەکرا و، راستییەکی شاراوە نییە.
گەر هەرێمی کوردستان جاران وەک کێشەیەکی ناوخۆی عێراق و چارەسەرکردنی لە نێو قەوارەی عێراقەوە لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی خاکی عێراقەوە شرۆڤەی بۆ دەکرا، حاڵی حازر لە ناوەندەکانی سیاسەتی ئەورووپاییەوە لە چەشنی یەکێک لە فاکتەرە بەهێزەکانی سەقامگیری و ئارامیی سیاسییەوە، بە گرینگیەوە دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆوە.
ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی بڕیارە گرینگ و هەستیارەکانی تایبەت بە عێراق و ناوچەکە لە  پەرلەمانی ئەورووپا و کۆمیسیۆنی ئەورووپا و رێکخراوەکانی سەر بە یەکێتییەکە، بە ئاشکرا ئاماژە بە رۆلی بەرچاو و بەرزنرخێنراوی هەرێمی کوردستان و کورد و سەرکردایەتییە سیاسییەکەی دەکرێت لە بوارەکانی دابینکردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە و سەقامگیریی رامیاری و، شەڕی داعش و پرسی پەنابەر و ئاوارەکان و ئاسایشی وزە و سیاسەتی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاکان کەوا لەگەڵ پرەنسیپ و بەها ئەوروپییەکان یەکدەگرنەوە. ئەم ڕۆڵەش هەمووجار بەرز نرخێنراوە و باسی لێوەکراوە.
ئامادەبوونی نوێنەرانی شەش کوتلەی سەرەکیی پەرلەمانی ئەورووپا، کەوا بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی کوتلەکەیانن لەگەڵ سەرۆک بارزانی و ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، ئاماژەیەکە بە گرینگیدانی بەرچاوی پەرلەمان بەم سەردانەوە. نوێنەرانی کوتلە بەشداربووەکان ئەمانە بوون: کوتلەی کریستیان دیموکراتەکان کە خاوەنی 213 ئەندامن، کوتلەی سۆسیال دیموکراتەکان کە خاوەنی 189 ئەندامن، کوتلەی لیبڕالەکان کە خاوەنی 58 ئەندامن، کۆنسێرڤاتیڤەکان کە خاوەنی 73 ئەندامن، کوتلەی چەپەکان کە خاوەنی 52 ئەندامن، کوتلەی سەوزەکان کە خاوەنی 51 ئەندامن.
جێگەی ئاماژەپێدانە، کۆی گشتیی ئامادەبووان نزیک بوو لە 51 ئەندام و راوێژکاری باڵای پەرلەمان و لە هۆلی کۆبوونەوەکە شوێنی دانیشتن نەمابوو. هەر لە دەسپێکی کۆبوونەوەکە بەڕێوەبەری کۆبوونەوەکە راشکاوانە رایگەیاند، کە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی وەکوو سەرجەم گەلانی تر دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێت و، پشتگیریی خۆیان بۆ گەلی کوردستان راگەیاند و بەڵگە مێژوویی و یاساییەکانیان خستەڕوو.
هەڵبەتە جگە لەم کۆبوونەوەیەی کە تایبەت بوو بە پرسیار و وەڵام، بەڕێز سەرۆکی هەرێم و ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، بە جیا لەگەڵ سەرۆکی کوتلەکان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و چەند بەرپرسێکی دیکە  چەند کۆبوونەوەیەکی گرینگی دیکەیان ئەنجام دا و، چەندین بیروڕای جیا و تێڕامانی پەیوەست بە پرسی ریفراندۆم و هەنگاوەکانی سەربەخۆیی و جۆری میکانیزمەکە، تاوتووکران و خرانە بەر باس و گفتوگۆوە.
ئامانجی سەرەکیی سەردانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم، سەردانیکردنی پەرلەمانی ئەورووپا و ئەنجامدانی دیدار و چاوپێکەتن و بیروڕاگۆڕینەوە و گەیاندنی پەیام و خواستی گەلی کوردستان بوو بە ئەورووپاییەکان، لە رێگەی کوتلە پەرلەمانییەکانەوە کەوا نوێنەرایەتیی زیاتر لە 500 ملیۆن هاووڵاتی ئەورووپایی دەکەن.
لە میانەی دیدارەکاندا زۆربەی هەرە زۆری کوتلەکان پشتگیریی خۆیان بۆ بابەتی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و، تەنانەت نوێنەری دوو لە کوتلەکان پشتگیریی خۆیان بۆ سەربەخۆییی کوردستان خستەڕوو و، هیوایان خواست کوردستان ببێتە دەوڵەتی داهاتووی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان.
بەدەر لەمەش زۆربەی پەرلەمانتارەکان ئامادەییان دەربڕی شاندێکی سەر بە پەرلەمانی ئەورووپا بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی ریفراندۆم رەوانەی کوردستان بکەن. بەشێکی دیکەشیان ئارەزوویان خواست لە رۆژی بەڕێوەچوونی پرۆسەی گشتپرسیدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن و لەو رۆژە مێژووییەدا لەوێ ئامادە بن و بەڵێنیشیان دا هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ سەردانەکە بکەن.
ئەمەش دەرخەری ئاستی بەرزی ئەو پشتگیرییە مەعنەوییە و بایەخدانە بەرچاوەیە، هەرێمی کوردستان لە ئەورووپا و لە ناو دامەزراوە فەرمییەکانی هەیەتی و ئێستاکە بە ئاشکرا هەستی پێدەکرێ.
هەر لە ڕووی پرۆتۆکۆلی و پاراستن و ئاسایش و گرینگیپێدانی پۆلیسی بەلجیکی بە کاروانی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم لەکاتی سەردانیکردنەکەدا، جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردن و تێڕامانە. کاروانی ئوتۆمبێلەکان لەلایەن پۆلیسەوە لە رێگەی چەندین مۆتۆرسکیل و پۆلیسی نهێنیەوە  وەک سەرۆکی وڵاتێکی سەربەخۆ و گرینگ، بەردەوام و بە چڕی پارێزگاری دەکرا. ئەم گرینگیپێدانەش کارێکی رۆتێنی و رۆژانە نییە و بۆ هەموو سەرۆک و شاندێک ئەم رێوشوێنە ئەمنیانە لەکاتی سەردانیکردنیان بۆ برۆکسل لەو ئاستەدا ناگیرێنەبەر.
خاڵێکی دیکە کە بە پێویستی دەزانم ئاماژەی پێ بدەم، دانانی ئاڵای کوردستانە لە تەک ئاڵای وڵاتانی دیکە لە هۆڵی VIP، کەوا دەرخەری گرینگیپێدانی پەرلەمانی ئەورووپایە بە کورد و گەلی کوردستانەوە.
لە دوو وێستگەیەکی دیکەی دیدار و چاوپێکەوتنەکاندا، بەرپرسانی باڵای حکوومەتی فدراڵی بەلجیکا بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران و چوار وەزیری کابینەی حکوومەتی فێدراڵ، بە دانانی تەنیا ئاڵای کوردستان و بەلجیکا و دواتر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی فلاندەرز، کە گرینگترین هەرێمی ئەورووپایە وەک هەرێم، پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم راگەیاند و بەڵێنیان دا، کە لە پشتیوانیی گەلی کوردستان بەردەوام بن و جەختیان کردەوە کە لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە کە رێز لە خواستی گەلی کوردستان بگرێت و، بەڵینی ناردنی چاودێریان دا لە ئاستی حکوومەت و پەرلەمان بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە لە رۆژی ئەنجامدانیدا.